كۆتای ئەم هەفتەیە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆكانی عێراق بۆ ئێران دەست پێ دەكەنەوە

بینەر: (1.5K)

دوێنێ یەكەم فڕۆكەی ئێرانی لە فڕۆكەخانەی نەجەف نیشتەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هێڵی ئاسمانی عێراق رای گەیاند كە گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیاكە بۆ ئێران رۆژی پێنجشەمی داهاتوو دەست پێ دەكەنەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمپانیاكە، پلانی نوێی گەشتە ئاسمانییەكان، رێكخستنی گەشتی رۆژانە و رێكوپێكە لە نێوان فڕۆكەخانەی نەجەف و فڕۆكەخانەكانی مەشهەد و تاران و ئەسفەهان، بەو شێوەیەی جووڵەی گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵات ئاسان بكات و گەشتی رێكوپێكی ئاسمانی لە نێوان هەردوو وڵات رێك بخات.

دوێنێ یەكشەم یەكەم فڕۆكەی ئێرانی لە فڕۆكەخانەی نەجەف نیشتەوە، لە دوای ئەو سزایەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەر لە دوو هەفتە بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی ئێرانی سەپاند، بەر لەوەش لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئێران گەشتی فڕۆكەكانی عێراق بۆ ئێران وەستا بوو، بەم دواییە حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە رێگە بە 40 گەشتی رۆژانە لە نێوان عێراق و ئێران دراوە.

لە دوای سەپاندنی سزای سەر كەرتی فڕۆكەوانی ئێران، حكوومەتی عێراق وەك پابەندییەك بە سزاكە، گەشتی ئاسمانیی كۆمپانیا ئێرانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی وەستاند، ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لێ كەوتەوە، حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە ئەمەریكا كرد چاوپۆشی لە گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق بەرەو ئێران، بەتایبەتی لە فڕۆكەخانەی نەجەف بكات.

مەجید ئاخوان گوتەبێژ بە ناوی رێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنیی ئێران رای گەیاند، دەست پێكردنەوەی گەشتەكان بڕیاری بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتە و بەمنزیكانە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی عێراق و ئێران دەست بە گەشتە ئاسمانییەكانیان لە نێوان هەردوو وڵات دەكەنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *