شەڕی رووسیا و ئۆكراینا تەنیا لە سنووری بەرەكانی شەڕ نەماوە و گەیشتووەتە قووڵایی شار و دامەزراوە ستراتیجییەكانی هەردوو وڵات، ئەوان رۆژانە بۆردمانی ئامانجە گرنگ و ستراتیجییەكانی یەكتر دەكەن، رووسیا ئاماژە دەكات كە لە ماوەی 12 سەعاتی رابردوو زیاتر لە 300 درۆنی ئۆكراینی تێك شكاندووە.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری رووسیا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لە ماوەی 12 سەعاتی رابردوو 343 درۆنی ئۆكراینایان لەسەر خاكی رووسیا تێك شكاندووە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی بیلگورود و بریانسك و كالوگا و كۆرسك و ئۆریۆل و تولا و مۆسكۆ و كراسونادار و ستافروبول و هەرێمی قرم و سەر دەریای رەش.
هاوكات وەزارەتەكە رای گەیاند كە لە نزیك بەندەری بوجنی لە ئۆدیسا، كەشتییەكیان تێك شكاندووە كە چەكی بۆ ئۆكراینا گواستووەتەوە.
شایەنی باسە شەڕی رووسیا و ئۆكراینا لە 24ی شوباتی 2022 لە دوای هێرشێكی فرەوانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا دەستی پێ كرد، رووسیا هەوڵی دا شەڕەكە لە ماوەیەكی كورت یەكلا بكاتەوە، توانی رووبەڕێكی فرەوانی خاكی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ بكات، كەچی تا ئێستە بەردەوامە و هەردوو وڵات زیانێكی زۆر گەورەی گیانی و سەربازی و ئابوورییان پێ گەیشتووە.
















Leave a Reply