هەوڵەكانی رووسیا و چین بۆ رێگریكردن لە گورزێكی سەربازیی ئەمەریكا بۆ ئێران بەردەوامە، ئەمڕۆ گوتەبێژ بەناوی كرملین دووپاتی كردەوە ماوەیەكی دوورودرێژە بابەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا باس كراوە و مۆسكۆ لەوبارەوە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە پێوەندیدایە.
بەپێی ئاژانسی “تاس”ی رووسی، دیمیتری بیسكۆڤ گوتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتیی رووسیا گوتی، ماوەیەكی دوورودرێژە ئەو بابەتە هەیە و رووسیا ئەو بابەتەی وەك بژارەیەك بۆ نەهێشتنی هەندێك لە هۆكارەكانی پەرەسەندنی دۆخەكە خستووەتە روو، ئێستە رووسیا لە هەوڵەكانی بەردەوامە و لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە پێوەندیدایە و سوورە لەسەر هێوركردنەوەی دۆخەكە سەبارەت بە ئێران.
بەپێی راپۆرتەكان پێشتر ئەمەریكا بابەتی گواستنەوەی ئەمباری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی بۆ دەوڵەتێكی تر، لەوانە رووسیا خستبووە روو، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی دەتوانێك چەند بڕێك لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران وەربگرێت و چارەسەری بكات و لە ئاستی پێویست بۆ بەكارهێنانی ئاشتییانە بیداتەوە بە ئێران.
لای خۆیانەوە ئەمڕۆ دووشەم دەسەڵاتدارانی ئێران رەتیان كردەوە نیازی ئەوەیان هەبێت یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ هیچ دەوڵەتێكی تر بگوازنەوە، عەلی باقری جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گوتی، بەرپرسانی ئێران نیازی ئەوەیان نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێكی تر بگوازنەوە و گفتوگۆكان بە هیچ جۆرێك باسی ئەو بابەتە ناكەن.
















Leave a Reply