راپۆرتێك: دوای كشانەوەی ئەمەریكا ئەوروپا شوێنپێی خۆی لە كوردستان بەهێزتر دەكات

بینەر: (160)

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی كشانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتنێكی پێشووی نێوان بەغدا و واشنتن و گۆڕینی پێوەندییەكانیان بەرەو هاوبەشییەكی فرەلایەن لە دوای كۆتایی ئەم مانگە، كە دوا وادەی كشانەوەی ئەوانە، راپۆرتێك ئاماژە دەكات، لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا، ئەوروپا شوێنپێی خۆی لە كوردستان بەهێزتر دەكات.

رێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان ئاماژە دەكات كە یەكێتی ئەوروپا هاوبەشێكی سەرەكییە بۆ هەرێمی كوردستان، بەشێكی كارا بووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جیا لەوە رۆڵی گەورەی لە مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبووە، یەكێتییەكە بارستەیەكی سیاسیە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی ئەوروپا دەكات، وەك هاوبەش و هاوپەیمانێكی ستراتیجیی هەرێم دەمێنێتەوە و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانە لە بوارە جیاجیاكان لە هەرێم كار دەكەن، لەوانە لە بوارەكانی وزە و نەوت و غاز و هیتریش.

زیاتر گوتی، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا زۆر باشە و چەندان وڵاتی ئەوروپی لەوانە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و هەنگاریا، تێگەیشتنێكی زۆریان بۆ دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی هەیە، ئەو دەوڵەتانە وەك قەوارەیەكی دەستووری پاڵپشتی لە هەرێم دەكەن بە پێویستی دەزانن مافە دەستوورییەكانی پێ بدرێت، بۆیە ئەو یەكێتییە وەك هاوبەشێكی سەرەكیی هەرێم دەمێنێتەوە، تەنانەت لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە هەرێم.

بابەكەیی دووپاتی كردەوە كە دانوستانەكانی یەكێتییەكە لەگەڵ هەرێم بە بەردەوام لەسەر چەند بابەتێك چڕ بووەتەوە، لەوانە بەردەوامیی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەردەوامبوونیان لە مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە، نووسینگەی دیپلۆماسیی یەكێتییەكە لە هەولێر، ساڵانێكە هەیە و نوێ نییە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی 30ی ئەیلوول دوا وادەی كشانەوەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بوونی ئەوروپایی لە هەرێمی كوردستان زیاتر دەركەوت، هاوكات لەگەڵ جموجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی كە سەرنج لەسەر داهاتووی هاریكاریی لەگەڵ هەرێم لە دوای كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانان چڕ كردووەتەوە.

لای خۆیەوە نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، گرنگیدانی نێودەوڵەتی، لەوانە ئەوروپی و ئەمەریكی بە هەرێمی كوردستان نوێ نییە، بەتایبەتی دوای 2003 و گۆڕانی عێراق بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی، ئەو گرنگیدانە لە چەندان بوار زیادی كرد، لەوانە هەردوو لایەنی تەناهی و سەربازی، كاتێك چەندان رێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و یەكێتی ئەورپا و ئەمەریكا لەبارەی یارمەتییە سەربازیەیكان و مەشق راوێژكاری و زانیاری گۆڕینەوە و هیتریش ساز كرا، ئێستەش یەكێتی ئەورپا دەیەوێ پێوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق لە پێوەندیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا لەگەڵ عێراق جیا بكاتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە، جۆرە پابەندییەكی تر لە نێوان بەغدا و هەولێر لە لایەك و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە لایەكەی تر هەیە، بەهۆی هەستیاریی ئەو پابەندییانە و ئەو وادانەی بۆ كشانەوە دیاری كراون، یەكێتی ئەوروپا هەوڵی جیاكردنەوەی هەردوو دۆسیە بدات و پێوەندی راستەوخۆی دووقۆڵی لەگەڵ بەغدا و هەولێر لەسەر ئاستە جیاجیاكان ببەستێت، كە لایەنە تەناهی و سەربازی و هەواڵگری و مەشق و راهێنان بگرێتەوە.

حەیدەر ئاماژەی كرد، ماوەیەكە هەرێمی كوردستان بەدوای رازیكردنی ئیدارەی ئەمەریكا و یاسادانەرەكانە لە واشنتن بە گرنگی پێوەندییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستان، لە دوای 30ی ئەم مانگە، دەكرێ بۆ پێوەندیی دووقۆڵی لە جۆرێكی تر لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و هەرێم بێتە گۆڕین، بە هاوشێوەی ئەوەی ئێستە لە نێوان بەغدا و یەكێتییەكە روو دەدات، بۆیە ئەمەریكییەكان خەریكە درك بە گرنگیی بەردەوامبوونی پێوەندییەكان لە دوای 30ی ئەیلوول دەكەن، لە رێگەی هاندانی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیان بۆ بنیاتنانی هاوبەشی نوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دواتر لەگەڵ عێراق.

ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە ئەو جموجۆڵە لە بەرژەوەنەدی عێراقە، چونكە رووبەڕووی مەترسی سەربازی و تەناهی دەبێتەوە، بەتایبەتی تا ئێستە پێوەندیی وڵاتانی ناوچەكە بۆ رێككەوتنی ئاشتییەكی بەردەوان نەگۆڕاوە، ئەوەش مانای وایە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ و گەڕانەوەی هێرش و بۆردمانەكان لەهەر ساتێك هەیە، بۆیە عێراق پێویستی بە هاوبەشی تەناهی و هەواڵگرییە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە حاڵەتی ئەگەر بەردەوامی ئەو هاوبەشییە لەگەڵ ئەمەریكا ئاڵۆز و زەحمەت بێت، دەتوانرێت بە یەكێتی ئەوروپا یان وڵاتی ری رۆژئاوایی قەرەبوو بكرێتەوە، كە پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت، ئەوەش وا دەكات پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئەمەریكا تووشی تەنگژە نەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *