دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرمانی شێرپەنجەی بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دابین كرد

بینەر: (258)

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رای گەیاند، بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك، دەرمانێكی دەگمەنی شێرپەنجەیان دابین كردووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمڕۆ دووشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری “وشە” ئامادەی بوو، هەواڵی گرنگی بە نەخۆشانی تووشبووانی شێرپەنجە راگەیاند.

دەزگاكە گوتی، ئەو ماوەیە دەرمانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكانی كوردستان كەم بووەتەوە، بۆیە بە هاوكاریی ڕێكخراوی مەینی نەرویجی دەرمانی جۆری Linalidomide- 15mg,20mg بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكەین.

ئەوەشی گوت، هەر پاكەتێكی دەرمانەكە 21 دانەی تێدایە، لە بازاڕدا هەر پاكەتێك نرخەكەی شەش ملیۆن دینارە كە دەكاتە زیاتر لە چوار هەزار دۆلار.

ئەمڕۆ 388 پاكەت بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر دابین دەكرێت. لە ڕۆژانی داهاتوودا 365 پاكەت بۆ دهۆك و 200 پاكەتیش بۆ سلێمانی دابین دەكرێت.

دەرمانی جۆری لێنالیدۆماید، بەشێوەی حەب دەدرێت بەو نەخۆشانەی دووچاری شێرپەنجەی خوێن هاتوون. بەجۆرێكی دەگمەنی دەرمان دادەنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *