خۆی بۆ شەڕی بابولمەندەب ئامادە دەكات.. ئێران دەیان شارەزای سەربازی رەوانەی یەمەن دەكات

بینەر: (731)

پێ دەچێت دۆخی نەشەڕ و نەئاشتی لە كەنداو بەردەوام بێت، دوای ئەوەی وەك شارەزایان ئاماژەی بۆ دەكەن ئێران تا ئاستێكی زۆر كارتی گەرووی هورمزی لەدەست داوە، خەریكە لە رێگەی حووسیەكانەوە هەڕەشە و هەژوونی خۆی بۆ گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور دەگوازێتەوە، بەپێی سەرچاوەیەك 75 شارەزای سەربازیی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە یەمەن.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی شەرعیی یەمەن، لە مانگەكانی حوزەیران و تەمووزی رابردوو 75 شارەزای ئێرانی گەیشتووونەتە سەنعای پایەتەختی یەمەن و ناوچەی كۆنترۆڵی حووسییەكان بە مەبەستی بەهێزكردنی توانای سەربازی و هەواڵگری و هێرشبردنی ئەوان، لەوان محەمەد جەلال فەیرووزنیا باڵوێزی پێشووتری ئێران لە یەمەن.

وەك سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ كرد، ئەو ژمارە شارەزایانی ئێران بە چەند وەجبەیەك گەیشتوونەتە یەمەن، سەركردایەتیی سوپای پاسدارانی ئێران ئەركی تایبەتی بەو شارەزایانە داوە، لەوانە ئیدارەدانی ئۆپراسیۆنە دەریاییەكان و پەرەپێدانی سیستمی مووشەك و درۆنی حوسییەكان، جیا لە بەرزكردنەوەی توانای سەربازی ئەوان لە خۆشاردنەوە و فێڵكردن لە سیستمەكانی چاودێری لە ناوچەكە و ئیدارەدانی ئۆپراسیۆنەكان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب و بەرزكردنەوەی توانای هێرشە مووشەكییەكان و تەكتیكی هەڵدانی درۆن و بەلەمە بێ سەرنشینەكان و چاندنی مینی دەریایی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *