ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی لەگەڵ ئێران کاری لەسەر دەکەن، ئاشتی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر دەکات و زۆر باشتر دەبێت لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 کە باراک ئۆباما واژووی کرد.
ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، ڕێککەوتنە ناوکییەکەی پێشوو ڕێگەیەکی مسۆگەر بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، بەڵام ئەمە لەو ڕێککەوتنەدا ڕوو نادات کە ئێستە کاری لەسەر دەکەین. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر کۆتایی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکە نەهێنایە، ئەوا چەکی ناوکی دژی ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بنکەکانی خۆشیانەوە، بەکار دەهێنرا.
سەرۆکی ئەمەریکا دیموکراتەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زیانگەیاندن بە هەڵوێستە بەهێزەکەیان بەرانبەر بە ئێران. لە کۆتایی قسەکانیشیدا دووپاتی کردەوە کە لەژێر هیچ جۆرە فشارێکدا نییە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
لەلایەکی ترەوە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە کە پێوەندییە دیپلۆماسییەکان چڕ کراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت، نێوەندگیری پاکستانیش هۆشداریی داوەتە ترەمپ لە بەردەوامیی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز.
















Leave a Reply