بۆچی ئیسرائیل پاڵپشتیی لە لێدانی ئێران نەكرد؟

بینەر: (1.0K)

هەفتەی رابردوو بڕیار بوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بەهاناچوونی خۆپێشاندەرانی ئێران گورزێكی سەربازی لە تاران بوەشێنێت، پنتاگۆن بژارەكانی خستە بەردەم ترەمپ و هەموو ئامانج و پلان و شێوە و سەعاتی سفری هێرشەكە دیاری كرا، بەڵام لە دوا ساتدا ترەمپ پاشگەز بووەوە، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی باسی ئەوە دەكات بۆچی ئیسرائیل پاڵپشتیی لە هێرشەكە نەكرد.

بەپێی راپۆرتەكان هۆكاری دواخستنی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بۆ كەمیی مووشەكەكانی ئیسرائیل یان رووخانی سیستمی مووشەكیی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەبوو وەك باس دەكرێت، رۆژنامەی “یدیعۆت ئەحرانۆت”ی ئیسرائیلی دووپاتی كردەوە كە هۆكارەكەی ئەوەیە هێرشەكە نەدەبووە هۆی رووخانی رژێمی ئێران.

چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی بە رۆژنامەكەیان راگەیاند كە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی پەیامیان بە واشنتن داوە و ئەوان دژی هێرشكردنە سەر تاران بوون، هۆكارەكەش بەهۆی كەمیی مووشەكی بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكانی ئێران نییە، بەڵكو خەرجیی بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكانی ئێرانە، كە چاوەڕوان دەكرا ئێران 700 مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل بكات، بۆیە بێ رووخاندنی رژێمی تاران سوودێكی ستراتیجی بۆ ئیسرائیل نەبوو.

ئەو پەیامانەی ئیسرائیل بە واشنتنی داوە، ئیسرائیل بە روونی دژی هێرشەكە بووە، چونكە پلانی هێرشەكە ئامانجە گەورەكەی نەدەپێكا، ئەویش رووخاندنی رژێمی تاران، بەو مانایەی هێرشەكە زیانێكی گەورەی دەگەیاند و ژێرخانی سەربازیی ئێرانی وێران دەكرد و بە شێوەیەكی كاتی سەقامگیری ئەو وڵاتەی دەشێواند، بەڵام نەدەبووە هۆی گۆڕینی دەسەڵاتەكەی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *