ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە فەرمی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند، و داوای کرد بەبێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەم، دووی شوباتی 2026، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حكوومەتی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هیوادارین ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەبێ هیچ دواکەوتن و دەست پێ کردنەوەیەک جێبەجێ بکرێت.
ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، ئەنقەرە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکات کە بەشدار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و گەرەنتیی یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسیی ئەو وڵاتە بکات.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیری و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتین لە هەموو بەشێکی ناوچەکەدا. گوتیشی، ناتوانین هەست بە سەلامەتی بکەین لە کاتێکدا ئاگر و ململانێ و شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانمان هەیە.
















Leave a Reply