ئێران: خەریكە لەگەڵ عومان لەبارەی گەرووی هورمز رێك دەكەوین

بینەر: (186)

بە درێژایی چەند مانگی رابردوو، سەرەڕای وەستانی شەڕ كێشەی گەرووی هورمز چارەسەر نەبووە و دۆخی گەرووەكە و هاتوچۆی دەریایی لەو رێگەوە ئاسایی نەبووەتەوە، ئێستە بینە و بەردەیەكی زۆر لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هەیە و ئەمەریكا ئاماژە بۆ تێپەڕبوونی رۆژانەی دەیان كەشتی بازرگانی بەو گەرووە دەكات و ئێرانیش دەڵێت راست نییە، بەرپرسێكی باڵای ئێران رای گەیاند كە لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ عومان لەبارەی گەرووەكە بە رێككەوتن دەگەن.

ئەمڕۆ دووشەم ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە دانوستانەكانیان لەگەڵ عومان لەبارەی گەرووی هورمزەوە گەیشتووەتە كۆتاییەكەی و پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر فەراهەمكردنی رێڕەوێكی كاتیی سەلامەت بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بە رێككەوتن بگەن، دووپاتی كردەوە دەكرێ رێككەوتنەكە لای رێكخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی تۆمار بكرێت و دانوستانەكانی پێشوەچوونی زۆر باشیان بەخۆیەوە بینیوە و هیوای خواست لایەنی سێیەم، نەیەتە ناو بابەتەكەوە.

شایەنی باسە لە دوای هێرشە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، ئێران وەك كارتێكی گوشار گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانی و نەوتییەكان داخست و لەو ساتەوە دۆخی گەرووەكە نائاساییە، لە چەند هەفتەی رابردوو دانوستان لە نێوان ئێران و عومان وەك دوو وڵاتی هاوكەناری گەرووەكە بۆ رێكخستنی هاتوچۆی دەریایی دەستی پێ كردووە، بەڵام ئێران هەر رێككەوتنێكی بە مەرجی باڵادەستیی خۆی بەسەر گەرووەكە و تێپەڕبوون بە پێی مەرجەكانی بەستووەتەوە و ئەوەش ئەمەریكا قبووڵی ناكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *