قائانی لەگەڵ بەرپرسی ئاسایش و هەواڵگریی عێراق كۆبووەتەوە
عێراق داوای وەستاندنی هێرشەكانی بۆ سەر حزبە كوردییەكان كردووە
قائانی رەتی كردووەتەوە هێرشەكان بوەستن
ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسان، ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆی فڕەنسی باس لە سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا دەكات كە ئامانجێكی سەرەكی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ خودی قائانی پەیامی لەسەر ئەو خاڵە بڵاوكردەوە و ناڕاستەوخۆ دووپاتی كردەوە كە نابێت ئەمەریكا دەست بخاتە كاروباری پێكهێنانی حكوومەتی عێراق.
بەڵام مۆنت كارلۆ باسی لەوە كردووە یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەی قائانی دژی هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بووە كە لە هەرێمی كوردستانن. مۆنت كارلۆ ئاشكرای دەكات كە قائانی دوو بەرپرسی عێراقی بینیوە ئەوانیش قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و حەمید شەتری بووە كە دووەمیان سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراقە.
قائانی لەگەڵ ئەم دوو بەرپرسە عێراقییە باسی پێشخستنی رێككەوتنی تەناهیی نێوان عێراق و ئێرانی كردووە، بە مانای ئەوەی دژایەتی هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران زیاتر بكرێت.
مۆنت كارلۆ دەڵێ، “بەگوێرەی زانیارییەكان قائانی داوایەكی عێراقی لەبارەى وەستاندنی هێرشەكان لە دژی هێزە كوردییەكان رەت كردووەتەوە، وەك دەزانرێت لە دوو رۆژی رابردوودا هێرش ئەنجام دراوە، قائانی رەتی دەكاتەوە ئەو هێرشانە بوەستێنرێن، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەو هێرشانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەردەوام دەبێت”.
لە چەند ساڵی رابردوودا بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی كردووەتە سەر بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات، هەرچەندە ئەو حزبانە رەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان كردووە و هیچ چالاكییەكی ئەوتۆ لە دژی ئێران ئەنجام نادەن.
















Leave a Reply