قائانی بۆچی سەردانی بەغدای كرد؟

بینەر: (631)

شەمووی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و میلیشیاكان كۆبووەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەو باسی مەترسیداریی قبووڵكردنی میلیشیاكان بە داماڵینی چەكیان لەژێر گوشاری ئەمەریكای كردووە، جیا لە رێككەوتن و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوور لە خواستی ئەمەریكا.

سەرچاوەیەكی دیاری سیاسی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، قائانی هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكیی نێوان هێزە شیعەكان سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك وەزیران دەدات، ئەو چاوی بە زۆرینەی سەركردە سیاسی و میلیشیا شیعەكان لە بەغدا كەوتووە و باسی گرنگیی رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی سەرۆك وەزیران كردووە.

زیاتر گوتی، هەروەها سەركردەی میلیشیاكانی لە سروشتی دانوستانەكانی ئێستە لەگەڵ ئەمەریكا ئاگەدار كردووەتەوە، باسی هەڵوێستی سوپای پاسدارانی كردووە، هەڵوێستی ئێران گەیاندووەتە سەركردەكانی شیعەی عێراق بە رەتكردنەوەی هەر لێكهەڵوەشاندنەوە و داماڵینێكی چەكی میلیشیاكان و وریایی داوە بەوەی تەڵەیەكی ئەمەریكا و ئیسرائیلە و دەبێت وریا بن.

سەبارەت بە سەردانەكەی قائانی بۆ بەغدا عەلی جبووری توێژەری سیاسی دەڵێت، سەردانەكە دەستوەردانێكی زەقی كاروباری ناوخۆیی عێراقە، چونكە لە ساتێكی هەستیاردا دێت و هاوكاتە لەگەڵ بوونی تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەت و یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

ئاماژەی كرد، بوونی بەرپرسێكی تەناهی و سەربازی بەو ئاستە لەو قۆناغەدا، چەند پەیامێكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەگەیەنن، ئەگەری هەوڵدان بۆ كاریگەری دروستكردن لەسەر لێكتێگەیشتنە ناوخۆییەكان بەهێزتر دەكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *