چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەدایە

بینەر: (21)

وەك بڕیار بوو لە سەعات 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم كۆبوونەوەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا هاتە سازكردن، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە بۆ ئامادەبوونی تەواوی سەركردەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەكە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكات.

وەك سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی لە ماڵی عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە دوای چەند جارێك دواخستن ساز كرد و تەواوی سەركردەكانی چوارچێوەكە ئامادەن.

ئەمڕۆ ریاز عەدای پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی رای گەیاند كە ماوەی دەستووری بۆ راسپاردنی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێنج رۆژی ماوە، ئەوەش سەركردەكانی چوارچێوەیان خستووەتە هەڵوێستێكی نەخوازراو و وایان لێ دەكات بەپەلە ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە.

زیاتر گوتی، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەونگی ئەو كاندیدەی دوو لەسەر سێی دەنگ بەدەست بێنێت، یان كۆی دەنگی سەركردەكان، دەبێتە كاندیدی فەرمیی چوارچێوەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، روونی كردەوە، ئەمشەو كۆبوونەوەكە لە ماڵی حەكیم دەكرێت و دوا ناخرێت و هیوادارین كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكرێتەوە.

عەدای باسی ئەوەشی كرد كە زیاتر لە سیناریۆیەك بۆ یەكلابوونەوەی دۆخەكە هەیە، لەوانە خستنەرووی ناوی محەمەد شیاع سوودانی بۆ مانەوە لە پۆستەكەی، هەروەها كاندیدكردنی باسم بەدری، جیا لە خستنەرووی ناوی ئیحسان عەوادی وەك كاندیدێكی نوێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *