شەمووی رابردوو بڕیار بوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا كۆ ببێتەوە و كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات، قسەو باس هەبوو بەشی زۆری هێزە سیاسییەكانی چوارچێوە لەسەر كاندیدێك رێك كەوتوون، بەڵام هەر ئەو رۆژە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەركردە و میلیشیا شیعەكان كۆبووەوە، كۆبوونەوەكە هاتە دواخستن، بەرپرسێكی شیعە دەڵێت قائانی داوای كردووە یەك كاندید بۆ پۆستەكە دیاری بكەن.
حامد مووسەوی گوتەبێژی فراكسیۆنی رێكخراوی بەدر لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلقی قودس لە میانی سەردانی بۆ بەغدا لە چەند رۆژی رابردوو داوای لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران بە كۆی دەنگ یەكلا بكەنەوە، چونكە بنەمای دوو لەسەر سێ خوازراو نییە.
زیاتر گوتی، دەبێت كۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكاتەوە، بەتایبەتی لە دوای پەیامەكانی قائانی كە داوای لە چوارچێوە كردووە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، بێ رەچاوكردنی كە كێیە، ئێران پاڵپشتیی لە یەكپارچەیی چوارچێوە و ئەو كاندیدە دەكات.
مووسەوی دووپاتی كردەوە كە قائانی داوای لە سەركردەكانی چوارچێوە كردووە بە پێویستی رێككەوتنی بە كۆی دەنگ لەسەر یەك كاندید، چونكە بنەمای دوو لەسەر سێ خوازراو نییە.
















Leave a Reply