هەوڵەكان بۆ كاندیدبوونەوەی نووری مالیكی زۆر ئاڵۆزتر بوون، بەهۆی گەیشتنی پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئەمەریكا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان، كە تێیدا شێواز و چۆنیەتیی سزادانی عێراق ڕوون كراوەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق.
ڕاوێژكارێكی حكوومەتی عێراق بۆ كەناڵی “ئەلحوڕە”ی ئەمەریكی گوتی، پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئەمەریكی گەیشتووەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان، كە تێیدا سروشتی سزا و گوشارخستنە سەر عێراق بە وردی ڕوون كراوەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوون و سووربوون لەسەر كاندیدبوونی مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
ئەو ڕاوێژكارە كە نەیویستووە ناوی بڵاو ببێتەوە گووتوویەتی، ئەمەریكییەكان لە پەیامەكەدا هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی “سۆمۆ” و بانكی ناوەندی عێراق و سێكتەری تەناهی و دیپلۆماسی و ژمارەیەكانی زۆر لە كەسایەتییە سیاسییەكان و بەرپرسانی ئێستە و پێشوویان كردووە.
لەبارەی ئەو سزایانەی كە دەسەپێنرێنە سەر ئابووری عێراق ئەو ڕاوێژكارە گوتی، بە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە عێراق ناتوانێ نەوت بفرۆشێ و گەیشتنی دۆلاریش بۆ حكوومەت قورس و سنووردار دەبێت، هاوكات بانكەكان سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمەیش بە واتەی وەستاندنی بازرگانی دەرەكی بە نیمچە تەواوەتی و دابینكردنی خەرجی و مووچەی كارمەندانیش لە دەرئەنجامدا زۆر قورسن دەبن.
















Leave a Reply