دوا دەرفەت بە ئێران دەدرێ و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئەنكەرە كۆ دەبنەوە

بینەر: (1.4K)

حكوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە، ئێرانی ئاگادار كردووەتەوە كە واشنتن ئامادەی گفتوگۆ و دانوستاندنە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، هاوكات ماڵپەڕێكی ئەمەریكیش ئاماژە بەوە دەكات، ئەمە دوا دەرفەتە بە تاران دەدرێ و سێ وڵاتیش ناوەندگیری هەردوولا دەكەن، تا بەر بە شەڕ و ئاڵۆزی بگرن.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا بە ماڵپەڕی “ئەكسیۆس”ی ڕاگەیاندووە، جووڵەی دیپلۆماسی بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستی پێ كردووە، هاوكات كۆكردنەوەی هێزی سەربازی و جووڵەی كەشتی و فڕۆكە جەنگییەكانیش بەردەوامیان هەیە، ئەمەیش مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران زیاد دەكات، پێشبینیش دەكرێ جەنگەكە تەواوی ناوچەكە بتەنێ و بە تەنیا لە سنووری ئێران نەمێنێتەوە.

لەلایەكی ترەوە چەند سەرچاوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرایان كردووە، هەریەك لە وڵاتانی توركیا و میسر و قەتەر ناوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن دەكەن، كار دەكەن كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو شاندی هەردوو وڵات بە فەرمی لە ئەنكەرە كۆ ببنەوە، چاوەڕوانیش دەكرێ ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە ئەنكەرە دابنیشێت.

بەرپرسێك لە یەكێك لەو سێ وڵاتەی ناوەندگیری دەكەن كە نەیویستووە ناوی بڵاو بكرێتەوە دەڵێ، دۆخەكە لە جووڵەدایە و هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ تا ناوەندگیری هەردوولا بكەین، تا ڕێگە لە جەنگ بگرین، ئەو سێ وڵاتە كە پێشتریش ڕۆڵی تەواویان گێڕا لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە، ئێستە دەیانەوێ بە هەمانشێوە ڕۆڵ ببینن لە دەستكردنی واشنتن و تاران بە دانوستاندن و ڕێگرتن لە دروستبوونی جەنگێكی فرەوان لە ناوچەكە.

بەرپرسانی كۆشكی سپی لەوبارەیەوە ڕایان گەیاندووە، ترەمپ تا ئێستە بڕیاری كۆتایی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران نەداوە، تا ئێستەیش بە كراوەییەوە دەیەوێ بە ڕێگەی دیپلۆماسی كێشەكان چارەسەر بكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *