هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بابەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی كردە بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەی سەركردەكانی، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئەوەندە گرنگ نییە بەقەدە گرنگیی دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ شوێنكردنەوەی نوێنەرایەتیی میلیشیاكان لە حكوومەتی نوێ بە شێوەیەك ئەمەریكا قبووڵ بكات.
بەپێی راپۆرتەكان گەورەكردنی بابەتی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران تەنیا رووكەشێكە بۆ شاردنەوەی بابەتێكی ئاڵۆزتر، سەرچاوە تایبەتەكان ئاماژە دەكەن كە ئەوەی ئێستە زیاتر شیعەی سەرقاڵ كردووە ناوی كاندیدان نییە، بەڵكو پێكهێنانی حكوومەتێكە كە مسۆگەریی بەشداری پێكردنێكی سەلامەتی گرووپە چەكدارە براوەكانی هەڵبژاردن بكات، لەوانەی ئەمەریكا وەك تیرۆریست ئەوانی ناساندووە و لە پەرلەمان كورسییان بردووەتەوە.
بەپێی سەرچاوەكە بابەتی دیاریكردنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ تەنیا بۆ بەدەستهێنانی كاتی زیاتر و رەخساندنی بواری زیاترە لەبەردەم رێكخستنی ئەو نوێنەرایەتییەی میلیشیاكان لە دامەزراوە جێبەجێكردنەكان بێ دروستكردنی كێشە لەگەڵ ئەمەریكییەكان لە داهاتوو، بۆیە حكوومەتی نوێ پێك نایەت تا ئەو بابەتە مسۆگەر نەكرێت.
بەپێی سەرچاوەكان ئێستە ئەمەریكا گوشار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات بۆ ئەوەی هیچ پۆستێكی سیادی و گرنگ لە حكوومەتی نوێ بە كەسانی سەر بە میلیشیاكان نەدرێت، لەوانە سەرۆك وەزیران و پۆستە ویزارییەكان، چونكە ئەو كار لە سەقامگیریی سیاسی دەكات، بۆیە ئەگەری هەیە پۆستی میلیشیاكان بە كەسانێكی سەربەخۆی نزیك لەوان بدرێت.
















Leave a Reply