لاریجانی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا راگەیاند

بینەر: (1.5K)

عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رای گەیاند تاران ئامادەیە دانوستانی رژدی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکادا بکات بەڵام بەو مەرجەی ئەمەریکا پێشوەختە دەرەنجامەکانی دانوستانەکە رانەگەیەنێت.

ئەو لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی ئێران ئامادەی دانوستانی رژدە نەک نمایشی. لاریجانی لە مانگەکانی رابردووشدا چەند جارێک باسی لە ئامادەبوونی تاران بۆ دانوستانە ئەتومییەکان کردووە.

ئەو لەسەرەتای ئەم مانگەدا گوتبووی دانوستانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمەریکا کە لە مانگی ئەیلوول بەڕێوەدەچوون بەهۆی ئەوەی داوای کەمکردنەوەی توانای هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران بۆ خوارووی 500 کیلۆمەتریان کردبوو، وەستێنران.

پێویستە بگوترێ ئەو هەنگاوانە و ئەو هەڵوێستە نوێیەی لاریجانی هەفتەیەک دوای ئەوە دێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە توندی هۆشداری بە ئێران دا هەر چی زووە دەست بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس بکاتەوە رێی پێ بدات چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکان بکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *