لە سووریا درووزەكان پاڵپشتیی خۆیان بۆ عەلەوییەكان دەردەبڕن

بینەر: (897)

چەند رۆژێكە لە دوای رووداوەكەی یەكشەمی رابردووی حمس، كاتێك چەكدارانی هۆزە سوننەكان هێرشیان كردە سەر گەڕەكە عەلەوینشینەكان لە حمس، عەلەوییەكان لە حمس و پارێزگا كەناراوییەكانی سووریا خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ساز دەكەن، ئەمڕۆ چوارشەم درووزەكان، كە پێكهاتەیەكی تری سووریان، گردبوونەوەیەكیان لە پارێزگای سوێدا بۆ پاڵپشتیكردنی عەلەوییەكان بەرانبەر بە دیمەشق ساز كرد.

نەورەس عەفیس چالاك لە سوەیدا گوتی، ئەو وەستانە ناڕەزایەتییە لە چوارچێوەی بزاوێكی مەدەنی بەردەوام لە سوەیدا دێت، بۆ داواكردنی مافی دانیشتووانی پارێزگاكە و پاراستنی ئاسایشیان و وەك پاڵپشتییەكیش بۆ برا عەلەوییەكان و بزاوە ناڕەزایەتییە ئاشتییانەكەیان لە حمس و كەناراوەكان و رەتكردنەوەی ئەو سەركوتكاری و پەراوێزخستنەی لە لایەن حكوومەتی سووریا و گرووپەكانی لایەنگری رووبەڕووی دەبنەوە.

روونی كردەوە، مەبەست لەو ناڕەزایەتییەی ئەمڕۆی سویدا بۆ دەرخستنی پاڵپشتییە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی ئاڵوزی بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەتی لە تیفەی عەلەوی لە حمس و ناوچە كەناراوییەكان، ئەمە و خۆپێشاندەران رەخنەیان لە هەڵمەتەكانی بەناپاككردن و هاندان و تۆمەتباركردنی هاووڵاتییان گرت لەوانەی لەو ناوچانە خۆپێشاندان ساز دەكەن، وایان لەقەڵەم دا كە ئەوەی ئێستە رووبەڕووی دەبنەوە هەمان ئەوە دێنێتەوە یاد كە لە سەرەتای شۆڕشی 2011ی سووریا ناڕەزاییكاران دووچاری هاتنەوە.

شایەنی باسە چەند رۆژێكە دۆخی سووریا ئاڵۆزە، هێرش دەكرێتە سەر عەلەوییەكان لە حمس، ئەوانیش دەستیان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی كردووە، تا كار گەیشتە ئەوەی ئەنجوومەنی رۆحانیی تایفەی عەلەوی لە سووریا و تاراوگە داوای فیدراڵیەت و سیستمی نامەركەزیی ئیداری بۆ سووریا و ناچەكانیان بكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *