دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالار و دووەم كەسایەتیی ناو حزبوڵای لبنانیان كوشت، حزبوڵا بە فەرمی باسی وەڵامدانەوەی نەكرد، لەوكاتەی بەرپرسێكی حزبەكە دووپاتی كردەوە كە سەركردایەتیی حزبوڵا تاوتوێی وەڵامێكی گونجاو بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل دەكات، هەرچی ئیسرائیلە دەستی بە خۆسازدان لەسەر سنوورەكانی لبنان كردووە.
ئێزگەی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە سوپا خۆی بۆ گەڕێكی تری لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە لبنان ئامادە دەكات، هێرشەكانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازی حزبەكە چڕ دەكاتەوە و رێگە لە بەهێزبوونەوەی دەگرێت، هاوكات بڕیار دراوە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە باكوری ئیسرائیل لەسەر سنوورەكانی لبنان بەهێز بكات و ئاستی ئامادەسازی بەرز بكاتەوە.
ئێزگەكە روونی كردەوە كە پسپۆڕان پێشبینی چەند ئەگەرێك وەك كاردانەوەی حزبوڵا بەرانبەر بە هێرشەكەی باشووری بەیرووت و كوشتنی تەباتەبائی دەكەن، لەوانە هێرشێكی مووشەكیی بەرەو باكوری ئیسرائیل یان هەوڵی دزەكردن بۆ ناو ئیسرائیل یان بۆ سەر پێگەكانی ئیسرائیل لە ناو خاكی لبنان، یان كاراكردنەوەی هێرشی حوسییەكانی یەمەن لە دژی ئیسرائیل.
بەپێی زانیارییەكان ئەبو عەلی تەباتەبائی فەرماندەی پێشووی هێزی رەزوانە كە بەشداریی شەڕەكانی لە سووریا و یەمەن كردووە، لە دوای نەعیم قاسم دووەم كەسایەتیی باڵای ناو حزبوڵایە و فەرماندەی هێزە دەستەبژێرەكانی حزبەكەیە و بەشداری لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای گورزەكانی ئیسرائیل كردووە، باوكی ئێرانییە و دایكیشی لبنانی، خۆی لە لبنان دادەنیشێت، لە لیستی داواكراوانە بۆ ئەمەریكا و پێنج ملیۆن دۆلار بەرانبەر بە پێدانی زانیاری بۆ گرتنی دانراوە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن هێرشەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بووە و زانیاری بە ئەمەریكا دراوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاشكرا نەبووە، لەوكاتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پێشوەختە ئەمەریكا لە هێرشەكە ئاگەدار نەكردووەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی پێی گوتووە، چەند رۆژێكە ئەمەریكا دەزانێت ئیسرائیلی نیازی پەرەسەندنی دۆخەكەی لە لبنان هەیە، بەڵام بە كات و شوێن و ناسنامەی بەئامانجگیراوەكەی نەزانیوە.
















Leave a Reply