ئیسرائیل فەرماندەیەكی حەماس دەكوژێت

بینەر: (1.4K)

سەرەڕای رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەزە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكیان لە رۆژئاوای غەزە كردە ئامانج و چوار فەلەستینیان كوشت، لەوانە فەرماندەیەكی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس.

بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكیان لە نزیك نەخۆشخانەی شیفا لە رۆژئاوای شاری غەزە كردووەتە ئامانج، كە چوار كەسی تیادا كوژراوە، لەوانە ئەبو عەبدوڵا حەدیدی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەرتی غەزەی باڵی سەربازیی حەماس و كوڕەكەی. لای خۆیەوە حەماس سوپای ئیسرائیل بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد، ئەوە لەوكاتەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بەردەوامە.

هەفتەی رابردوو ئێزگەی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی بەرپرسە سەربازییەكانی بزووتنەوەی حەماسیان لە گەڕەكی زەیتوون لە رۆژهەڵاتی شاری غەزە كردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەكەیان كوشتووە.

رۆژنامەی “ئیدیعۆت ئەحرانۆت”ی ئیسرائیلی لەوبارەوە گوتی، بەهۆی هێرشەكە عیماد ئەسلیم فەرماندەی كەتیبەی زەیتوونی حەماس و فەرماندەی یەكەی دەریایی سەر بە بزووتنەوەكە كوژراون، ئەوە لەوكاتەی لە وەڵامی كردنەئامانجی سوپای ئیسرائیل لە غەزە لە لایەن چەكدارانی حەماسەوە، ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی غەزەی بۆردمان كرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 20 فەلەستینی كوژران.

بەپێی میدیاكان لەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل كە كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی سەربازیی حەماسی لە تەلارێكی حكوومەتی لە گەڕەكی زەیتوون كردووەتە ئامانج، 10 كەس كوژراون، لەوانە فەرماندەی كەتیبەی زەیتوون و جێگری فەرماندەی لیوای غەزە لە كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *