هەسەدە و دیمەشق رێككەوتن و گفتوگۆش لەگەڵ توركیا دەكەن

بینەر: (1.5K)

ماڵپەڕی “عەرەبیە” لە زاری چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە سوپای سووریا بڵاوی كردەوە: دوای چەند ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانێك لە نێوانیاندا، سوپای سووریا و هێزەكانی هەسەدە ڕێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوانیان لە گوندەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ڕەقە.

هەروەك ئاماژەی بەوەش كردووە: ڕێككەوتنەكە ڕاگرتنی بۆردمان و بە ئامانجگرتنی یەكتر دەگرێتەوە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئاگربەستەكەی تێدا ئەنجام دراوە، داوا لە سوپای سووریا كراوە لەو پێگانە بكشێتەوە كە دەستی بەسەردا گرتووە، بەڵام داواكارییەكە رەت كراوەتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوو بەردەوام هەردوولا یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بە هێرشكردنە سەر یەكتر، هاوكات سووری رای گەیاندبوو بەهۆی بۆردمانی هەسەدەوە چەندان سەربازیان كوژراوە.

كێشەكانی هەسەدە و حكوومەتی كاتی سووریا ئەگەرچی رێككەوتن و ئاگربەست هەیە، بەڵام بەهۆی پێگەی هێزەكانی نزیك لە توركیا لەو ناوچەیە، شەڕ و ئاڵۆزییەكان سەرهەڵبدەنەوە، لەمبارەیەوە ئیلهام ئەحمەد رای گەیاندووە، لەگەڵ توركیا گفتوگۆ دەكەین.

ئیلهام ئەحمەد رای گەیاند: دوای ئەو پرۆسەیەی لە توركیا دەستی پێ كردووە، پێویستە حكوومەتی ئەو وڵاتە هەڵوێست و دیدی خۆی لەبارەی كورد و بەتایبەتی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بگۆڕێت. دووپاتی كردەوە نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ هیچ دوژمنایەتییەكیان بەرانبەر توركیا پێشان نەداوە. هیچ نیازێكیشیان نییە لە داهاتوودا دوژمنایەتی توركیا بكەن.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سووریا رای گەیاند: توركیا ساڵانێكە كورد لە سووریا وەك هەڕەشەیەك دەبینێت. ئەوەش پێوەندی بەو سیاسەتە ناوخۆییەوە هەبوو كە دژی كورد پێڕەو دەكرا. لە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیدا كاتی ئەوە هاتووە توركیا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە كورد بگۆڕێت.

گوتیشی: “نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرانبەر توركیا پێشان نەداوە. هیچ نیازێكمان نییە سبەینێ دوژمنایەتی توركیا بكەین، هیچ نیازێكمان نییە لە دژی ئەوان شەڕ بكەین. بەپێچەوانەوە دەڵێین بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە. لە بابەتی سەقامگیری سووریادا، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سەقامگیری توركیا هەیە. پێوەندییەكان لەم چوارچێوەیەدان، هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ پێشكەوتنی پرۆسەكەدا هەنگاوی ئەرێنی بنرێت.”

ئیلهام ئەحمەد گوتی، پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، كاریگەری ئەرێنی لەسەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش دەبێت. ئێستە زەوینەی گفتوگۆ رەخساوە، بۆ ئەوەی هەندێك كێشە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن. لە داهاتوودا دەتوانرێت گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *