نوورى مالیكى: بارزانى شوێنپه‌نجه‌ى له‌ مێژووى عێراقدا دیاره‌

بینەر: (1.5K)

نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر، باسى له‌ رۆڵى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى كرد له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و مێژووى عێراق گوتى، “به‌دڵنیاییه‌وه‌ باوكى مه‌سروور برام مه‌سعوود بارزانى یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى له‌ مێژووى عێراق شوێنپه‌نجه‌ى دیاره‌”.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 22ى تشرینى دووه‌م، نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌لایه‌ن فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق پێشوازیى لێ كرا. نوورى مالیكى له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى كوردستان تیڤى، باسى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى كرد و دووپاتى كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى تاوتوێى قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

له‌باره‌ی رۆڵى سه‌رۆكى بارزانى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق مالیكى گوتى، “به‌دڵنیاییه‌وه‌ باوكى مه‌سروور برام مه‌سعوود بارزانى یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى له‌ مێژووى عێراق شوێنپه‌نجه‌ى دیاره‌”. مالیكى له‌ لێدوانه‌كه‌ى له‌سه‌ر رۆڵى سه‌رۆك بارزانى گوتیشى، “بارزانى رۆڵ و كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌ و له‌ سه‌ركرده‌ مێژووییه‌كانه‌، ئێمه‌ كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر واقیع و داهاتوو ده‌كه‌ین، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین و باسى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ رووداوه‌كانیان دروست كردووه‌ و رووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كان بوونه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌رده‌مى رژێمى پێشوو و به‌ ئێسته‌یشه‌وه‌”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *