بەسێ هۆزات: تا ئۆجەلان ئازاد نەكرێت هیچ هەنگاوێكی تر نانێین و پرۆسەی ئاشتیشمان سڕ كردووە

بینەر: (67)

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ڕای گەیاند، توركیا لە چارەسەركردنی هەندێك پرسی هەستیاردا قۆناغێكی قەیراناویی تێپەڕاندووە، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو بابەتانە بە تەواوی لە ڕۆژەڤی وڵات نامێنن. بەسێ هۆزاتیش رای گەیاند، توركیا هەنگاوێكی یاسایی و دیموكراتی بۆ ئاشتی نەناوە.

نومان كورتوڵموش سەرۆكی مەجلیسی گەورەی نەتەوەیی توركیا، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پێشەنگەكانی ڕای گشتی لە شاری ئێلح (باتمان)، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو پرۆسەیەی لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت، لە چاو نموونەكانی دنیادا زووتر پێشكەوتووە و هەنگاوەكان گەیشتوونەتە قۆناغێكی یەكلاكەرەوە.

كورتوڵموش ڕوونی كردەوە كە ئەم هەنگاوە لە ئەنجامی تێكەڵكردنی بنەمای یاسا و عەقڵی دەوڵەت لەگەڵ ویژدانی گەلدا بەدەست هاتووە، وەك هەڵوێستێكی بەهێز دژی پڕۆژە دەرەكییەكان لە ناوچەكەدا وەسفی كرد.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دووپاتی لەوەش كردەوە كە لە بەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل و مەترسییە هەرێمییەكاندا، توركیا سەرقاڵی بەهێزكردنی قەڵای ناوخۆیی خۆیەتی.

ئاماژەی بەوە دا كە پەرەسەندنەكانی سووریا و عێراق، لەوانەش هەنگاوەكانی تایبەت بە شنگال و تێكەڵبوونی هێزەكان لەو ناوچەیە، بەشداریی لە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامدا دەكەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا كورتوڵموش باسی لە ڕاپۆرتی لیژنەی پێكەوەژیان، برایەتی و دیموكراتی كرد و ڕای گەیاند، پەرلەمانی توركیا خاوەنی ئەو توانایەیە كە هەموو كێشەیەكی هەڵپەسێردراو یەكلا بكاتەوە، دۆسیەكە بە وردی و بەبێ هیچ بۆشاییەك ئامادە كراوە تا بنەمایەكی یاسایی تۆكمە پێكبهێنێت.

لەمبارەیەوە هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، ڕەخنە لە سیاسەتی دەوڵەتی توركیا دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت، تا دەرفەتی كاركردن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان نەڕەخسێنرێت، هیچ هەنگاوێكی نوێ لەلایەن گەریلاوە نانرێت و دۆخی پرۆسەكەش “چەقبەستوو و سڕ بووە”.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و پرۆسەی ئاشتی كرد و ڕای گەیاند، سەرەڕای ئەوەی لایەنی ئەوان هەنگاوی مێژوویی بۆ ڕاگرتنی خەباتی چەكداری و كشانەوەی هێزەكان ناوە، بەڵام دەوڵەتی توركیا هیچ هەنگاوێكی كردەیی لە بواری یاسایی و دیموكراتیزەبووندا نەناوە.

هۆزات دووپاتی لەوە كردەوە كە مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، ڕەخساندنی دەرفەتی ئازادانەیە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و پێگەی فەرمیی ڕوون بێتەوە.

هۆشداریشی دا كە تا ئەم مەرجە جێبەجێ نەكرێت، گەریلا هیچ هەنگاوێكی تر نانێت. هاوكات ئەو هەواڵانەی لەبارەی چۆڵكردنی ئەشكەوتەكان و ڕادەستكردنی چەك بڵاو دەبنەوە، بە “پڕوپاگەندە و شەڕی تایبەت” ناوبرد.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، هاوسەرۆكی كەجەكە ڕەخنەی توندی لە مامەڵەی دەوڵەت بەرانبەر گیراوانی سیاسی گرت و ڕەفتاری دەسەڵاتداری لەگەڵ گیراوانی نەخۆش و ئەوانەی كە زیاتر 30 ساڵە لە گرتووخانەدان، بە “دوژمنكارانە” وەسف كرد.

لە كۆتاشدا بەسێ هۆزات تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی ناوچەكە و دووپاتی لەوە كردەوە، تاكە ڕێگە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕییەكان، پێكهێنانی یەكێتییەكی دیموكراتییانە و تۆكمەی لایەنە كوردییەكانە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *