خەڵكێكی زۆر لە كەشی سەرما و تووشبوون بە نەخۆشییەكان بەتایبەتی ئەنفلەوەنزا، زنك بەكار دێنن كە پێیان وایە بۆ نەخۆشییەكانی سەرما سوودمەندە. پسپۆرانی تەندروستی بەهەمانشێوە زنك بە یەكێك لە چارەسەرییەكان بۆ ئەو نەخۆشییانە هەژمار دەكەن، بەڵام لەگەڵیدا هۆشداریی لە زۆر بەكارهێنانی دەدەن و زێدەڕۆیی لێی، كاردانەوەی نەرێنیی دەبێت.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت”، لەسەر زاری پسپۆرانی تەندروستی لەبارەی بەكارهێنانی زنك بۆ نەخۆشییەكانی سەرما ئاماژە دەدەن، كاتێك زنك بۆ ئەو نەخۆشییانە بەكار دێنن، بەتایبەتی ئەوكاتەی تووشی نەخۆشییەكە بوون، بەو واتایە نییە دەستبەجێ پێی چاك دەبنەوە، بەڵام بەكارهێنانی بەتایبەتی بۆ ئەوكاتەی نیشانەكانی نەخۆشییەكان دەردەكەون، چارەسەرێكی زۆرباشە، بەتایبەتی لە 24 سەعاتی یەكەمی تووشبوون بە نەخۆشییەكە.
پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە زنك رۆڵی گرنگی بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە هەیە، ئەوەیش بەو شێوەیە نییە كە چارەسەرێكی مسۆگەرە بۆ چاكبوون یان راستەوخۆ نەخۆشییەكە دەوەستێنێت، بەڵام كاتێك بەرگریی جەستە بەهێز بێت، ئەوكات نەخۆشییەكە زۆر بە توندی تووشی كەسەكە نابێت، هاوكات چۆنێتیی بەكارهێنانی زنك و كاتەكەیشی رۆڵ دەبینن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زنك بۆ ئەو نەخۆشییانە بە سوودە بەمەرجێك زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی نەكرێت.
بۆ ئەوەیش پسپۆران ئاماژە بە زیانمەندیی بەكارهێنانی دەدەن كە زێدەڕۆیی لێ بكرێت، ئەگەری زۆرە كاردانەوەی نەرێنی دروست بكات وەك تێكچوونی گەدە و هەندێك جاریش سەرسوڕان، هاوكات كەسەكە تووشی كەمیی مس لە جەستە دەكات كە زنك هەڵیدەمژێت، مسیش مادەیەكە كە جەستە بۆ ئەنجامدانی ئەركی سەرەكی پێویستیی پێی دەبێت. هاوكات ئەگەری هەیە بەكارهێنانی زنك لەگەڵ دەرمانی تر كە كەسەكە بەكاری دێنێت، كاردانەوە دروست بكات یان لە سوودەكانی كەم بكەنەوە، بۆیە گرنگە بەرلە بەكارهێنانی، پزیشك دەستنیشانی كاردانەوەكانی بكات.
دواتریش پسپۆرانی دووپاتی دەكەنەوە كە بەكارهێنانی زنك بەشێوەیەكی گشتی مەترسی دروست ناكات، لەگەڵیدا پێویستە كات و جۆری بەكارهێنانی دیاری بكرێت تا دڵنیابن لە سەلامەتیی دەرمانەكە.














Leave a Reply