بەریتانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت كرد و سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنێت

بینەر: (1.1K)

ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی یەكەمی 2026، حكوومەتی بەریتانیا باڵیۆزی ئێرانی لە لەندەن بانگهێشت كرد و ئاشكرای كرد كە هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران تێوەگلاون لە هەوڵی هێرشكردنە سەر بنكەیەكی ئاسمانیی ئەمەریکا لە بەریتانیا، هاوكات بەڵێنی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا دەدات و دووپاتی دەكاتەوە كە لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان خۆش نابن.

لە ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی بەریتانیادا هاتووە، هەوڵەكانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی بەریتانیا و هاوبەشەكانی لە ڕێی تۆڕە تاوانكارییەكان و گرووپەكانییەوە قبووڵكراو نییە و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان لەپێشینەی كارەكانمانە.

زیاتر گوتی، لێبوردە نابین بەرانبەر بە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر خاكەكەمان و باڵیۆزی ئێرانمان بانگهێشت كردووە بۆ دووپاتكردنەوەی ئەم پەیامە.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ، ئاندی بێرنهام سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، سوپای پاسدارانی ئێرانی بە تێوەگلان لە هەوڵی هێرشكردنە سەر بنكەی ئاسمانیی فێرفۆرد تۆمەتبار كرد. ئاندی بێرنهام لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە هەوڵی هێرشكردنە سەر بنكەی فێرفۆرد بە ڕێنمایی سوپای پاسداران ڕێكخراوە و زیاتر گوتی، دوای ڕووداوەكەی فێرفۆرد، سزای زیادە بەسەر ئێراندا دەسەپێنین.

جێی باسە پۆلیسی بەریتانیا دوو هەفتە لەمەوبەر پێنج تۆمەتباری گرت كە لەناو چەند بارهەڵگرێكی بچووكدا بوون لە نزیك بنكەی فێرفۆرد، كە ئەو بنكەیە لەلایەن فڕۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئەمەریکاوە لە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەكار دەهێنرێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و بەریتانیا، لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا و ئیسرائیل، پێیان وایە ئەو هەڕەشانە پێوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێران یان سەركردایەتییەكی سەربازیی جیاواز لە تارانەوە هەیە، لە كاتێكدا ئێران ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *