گوتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق: هاوئاهەنگیی گەورە و بەردەوام لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە

بینەر: (844)

لە دوای كشانەوەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق مەترسییەكی رژد لە سەرهەڵدانەوەی داعش و زیادبوونی هەڕەشە و هەژموونی میلیشیاكان، تەنانەت شەڕی ناوخۆیی ئەوان لەسەر دەسەڵات هەیە، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند كە هاوئاهەنگیی گەورە و بەردەوامیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە.

سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەبارەت بە هاریكاریی تەناهی لە نێوان هەولێر و بەغدا گوتی، هێزی پێشمەرگە بەشێكی دانەبڕاوی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و هاوئاهەنگییەكی گەورە لە نێوان هەردوولا هەیە لەوانە لە ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری، جیا لە سازكردنی كۆبوونەوە و سەردانی بەردەوامی یەكتر.

ئاماژەی كرد، ئێستە ئەو ناوچانەی پێویستییان بە گرنگیدانی زیاتری تەناهییە، چەند هێزێكی تیادا بڵاو كراونەتەوە لە شەڕوانانی كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی تر، بە مەبەستی چارەسەركردنی بۆشاییە تەناهییەكان و رێگرتن لە گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكان لە سوودبینین لەو ناوچانە و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە.

سەبارەت بە رێككەوتنەكانی كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی نوعمان گوتی، رێككەوتن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بۆ كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی كراوە و یەكەم وەجبەی لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگی داهاتوو دەگاتە عێراق و لە ناوچە جیاجیاكان بڵاو دەكرێنەوە، كە راداری پێشكەوتوو و چەكی بەرپەرچدانەوە و فڕۆكە لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێك بۆ پاراستنی سەروەری ئاسمانی عێراق لە خۆ دەگرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *