ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی یەكەمی 2026، ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤی سوودانی ئاشكرای كرد كە بەهۆی بۆردمانێكی ئاسمانییەوە بۆ سەر كانی زێڕ لە نزیك سنوورەكانی میسر، لانی كەم 72 كرێكار كوژراون و هێزی ئاسمانیی میسر بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكەن، لە كاتێكدا حكوومەتی سوودان دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و سوپای میسریش باس لە ئۆپراسیۆنی پاراستنی سنوورەكانی دەكات.
ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی سوودانی بە ناوی “پارێزەرانی فریاگوزاری” لە ڕاگەیەنراوێكدا هێزی ئاسمانیی میسری بە ئەنجامدانی ئەو بۆردمانە تۆمەتبار كرد كە ڕۆژی شەمووی ڕابردوو ئەنجام دراوە و بووەتە هۆی كوژرانی ئەو كرێكارانە.
لە لایەكی ترەوە، گوتەبێژی سوپای میسر لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، هێزەكانی جێبەجێكردنی یاسا لە سوپا و پۆلیس بەردەوامن لە جێبەجێكردنی قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەڕان و پشكنینی نایاسایی بۆ زێڕ لە بیابانی ڕۆژهەڵات. ئەوەیش بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەكەی باكووری سوودان یان كوژرانی كرێكارەكان بكات.
ئاماژەی بەوەیش كرد، ئەو هەڵمەتە كە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێ كردووە، ئامانج لێی سەپاندنی تەواوی سەروەرییە لە ناو سنوورەكانی دەوڵەتی میسر و پاراستنی سامانە نەتەوەییەكانیەتی.
وەزارەتی دەرەوەی میسر تا ئێستە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەداوەتەوە، بەڵام بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر لە پەیامێكدا دووپاتی كردەوە كە پێوەندیی دووقۆڵیی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵات و گەلدا هەیە و ڕاوێژكردن لەسەر پرسە هاوبەشەكان بەردەوامە.
لای خۆیەوە، حكوومەتی سوودان ڕای گەیاند كە ڕووداوەكە لە ناوچەیەكی سنووریی نێوان هەردوو وڵات ڕووی داوە و لێكۆڵینەوەیان لەسەری دەست پێ كردووە. ئەنجوومەنی سەروەریی گواستنەوەی سوودان لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، پاراستنی گیان و كەرامەتی هاووڵاتییانی سوودان بەرپرسیارێتیی سەرەكیی دەوڵەتە، بۆیە بەڕژدی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكە دەكەین بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان.
















Leave a Reply