دوای ئەوەی لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمانی متمانەی پێ درا، تا ئێستە كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەوانە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، لەو ساتەوە ناكۆكی و ململانێ لەسەر پۆستە بەتاڵەكان هەیە و بە بەردەوام دانوستان كراوە، بەپێی سەرچاوەكان تەواوكردنی كابینەكە نزیك بووەتەوە و ئەگەری هەیە پێنجشەمی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بێتە سازكردن.
دوای ئەوەی بڕیار بوو هەفتەی رابردوو كابینەی حكوومەتی عێراق تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكان و هاتنەپێشەوەی بابەتی زیادكردنی نرخی دۆلار، تەواوكردنی كابینەكە بۆ ئەم هەفتەیە دواخرا، ئەمشەو سەرچاوەیەك رای گەیاند كە ئەگەری هەیە پێنجشەمی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت ساز بكرێت.
بەپێی زانیاریی میدیاكانی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان بەنگین رێكانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و رێباز حەملانی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوە كاندید كردووە، شیعە یاسر سخێڵی وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر بەها كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد مووسەوی كاندیدی وەزارەتی كار لە عەسائیب ئەهلولحەق پێشكەش كردووە.
هەروەها سەفا كنانی كاندیدی وەرزش و لاوان لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، محەمەد ساحب دەراجی كاندیدی وەزارەتی ژیری دەستكرد، عەلی دەخیل كاندیدی وەزارەتی گەشتوگوزار لە فراكسیۆنی مونتەسیروون، هەریەك لە لەیس خەزعەلی لە بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆك پێشووی پەرلەمان، كاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران.
هەرچی كاندیدی هێزە سوننەكانە، محەمەد تەمیم لە حزبی تەقەدوم بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران كاندیدە، عەلی ئەعرەجی بۆ وەزارەتی بەرگری لە هاوپەیمانی حەسم و عەلی نعێمی بۆ وەزارەتی پلاندانان لە هاوەپەیمانی عەزم، زەید عەلی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری لە هاوپەیمانی عەزم، وەزارەتی كاروباری دەوڵەت بۆ پارێزگاكان بە توركمان دەدرێت و كاندیدی ئەوان محەمەد سەمعان سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش دەدرێتە فراكسیۆنی كریستیان.
















Leave a Reply