لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو، دوو هەڵمەتی گرنگ و هەستیاری بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەست پێ كرد، سەرەتای بە باشی تێپەڕ بوون، بەڵام دواتر بەربەستیان تێ كەوت و بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە پەكیان كەوت، بەپێی زانیارییەكان تا دێت ناكۆكییەكانی نێوان زەیدی و هێزەكانی چوارچێوە لەبارەی ئەو دوو هەڵمەتە زیاتر دەبێت.
بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەت، لە دوای دەربڕینی ناڕەزایەتیی هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی هەردوو هەڵمەتەكە، ناكۆكی نێوان زەیدی و چوارچێوە گەیشتووەتە ئاستی گومانخستنە سەر سنووری دەسەڵاتەكانی بە زەیدی دراون، ئەوە لەوكاتەی چوارچێوەكە خۆی پاڵپشتی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەست پێكردنی دوو هەڵمەتەكە راگەیاند.
بەپێی سەرچاوەكە سازكردنی دوو كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەیەكی كورت، بەرجەستەی بوونی دۆخێك لە شڵەژانی گەورەی سیاسی دەكات، ئاماژە بۆ لێكترازان و نەبوونی سازان لە نێوان حكوومەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات، بەتایبەتی لەبارەی هەردوو هەڵمەتی داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەركردەكانی چوارچێوە پێیان وایە زەیدی پێشێلی ئەو دەسەڵاتەی كردووە كە لە كاتی پێكهێنانی حكوومەت پێیان داوە، ئەو دوور لە چوارچێوە بڕیار لەسەر دۆسیە هەستیارەكان دەدات كە پێشتر بە سازانی ئەوان بەڕێوە چووە.
















Leave a Reply