رەوتێكی نوێی سیاسیی سوننە لە عێراق دێتە دامەزراندن

بینەر: (327)

لە ماوەی رابردوو، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی پار، لێكترازان و كێبەركێ ناو ماڵەكانی سوننە و شیعەی گرتەوە، لە دوای پێكهێنانی حكوومەتیش ململانێی ئەوان لەسەر پۆست و بەركەوتەی هەڵبژاردن بەردەوام بوو و ئێستەش هەیە، ئەوە وای كردووە سەنگەرگۆڕینی سیاسەتوان و پەرلەمانتاران دروست ببێت، بەپێی سەرچاوەیەك ئامادەسازی بۆ دامەزراندنی رەوتێكی نوێی سیاسیی سوننە لە عێراق دەكرێت.

بەپێی راپۆرتێكی كۆواری “مەجەلە”، سەرچاوەیەكی باڵای سیاسیی سوننە ئاماژە بۆ خێراكردنی هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی ئەو قەوارە چاوەڕوانكراوە دەكات، بە زۆرینە سەركردایەتییەكەی بە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان دەدرێت و ژمارەیەك سەركردەی پێشووی سوونە بەشداری لە سەركردایەتییەكەی دەكەن، لەوانە رافیع عیساوی و زافر عانی و قاسم فەهداوی و ئەگەری هەیە مەشعان جبووریش بچێتە پاڵییانەوە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، ئەو رەوتە نوێیە پشت بە پاڵپشتی لایەنەكانی ناوچەكە دەبەستێت، بەو شێوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی دۆخی عێراق بكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەسایەتییەكانی تیایدا بەشدارن و گوتاری سیاسیی رەوتەكە لە ستراتیجیەت و كاریگەریی ئێرانەوە دوورترینن.

راپۆرتەكە نەخشەی سیاسیی ئێستەی ماڵی سوننە بەو شێوەیە وێنا دەكات كە لە سێ جەمسەری سەرەكی پێك هاتووە، حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی و هاوپەیمانی سیادە بەر سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتیی موسەنا سامەرایی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *