ئەمرۆ 500 خێزانی ئاوارە لە حەسەكەوە دەگەڕێنەوە ناوچە و ماڵەكانی خۆیان لە سەرێكانی.
مستەفا عەبدی ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و ئەندامی تیمی سەرۆكایەتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رای گەیاند، بەیانی ئەمرۆ كاروانێكی تری ئاوارەكان دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
بەپێی زانیارییەكانی عەبدی، كاروانەكە لە 450 خێزانی ئاوارەی سەرێكانی پێك دێت كە لە حەسەكە نیشتەجێ بوون و دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، هاوكات كاروانێكی تری 50 خێزانی ئاوارەی خەڵكی حەسەكەش كە نیشتەجێی سەرێكانی بوون، دەگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان لە حەسەكە.
ئەو ئەندامەی تیمی سەرۆكایەتی جەختی لەوەش كردەوە، سەرجەم ئامادەكارییە لۆجستی و پێویستەكان تەواو كراون، كە خۆی لە رێكخستنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی ئاسانكاریی هاتووچۆدا دەبینێتەوە.
10ی ئابی 2026، پرۆسەی گەڕانەوەی یەكەم كاروانی ئاوارەكانی شاری سەرێ كانی بۆ زێدی خۆیان دەستی پێكرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر كۆچپێكردنی زۆرەملێ لە ناوچەكانیان دێت. كە بەهۆی گرووپە چەكدارەكانی نزیكی توركیا هەڵهاتبوون.
سەرپەرشتیكردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن لیژنەی ئاوارەكانی سەرێ كانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێكی مرۆیی و تەناهیی بەڕێوەدەچێت، لە سەرووی هەموویانەوە مانگی سووری كوردی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە مەبەستی دڵنیابوون لە ڕێكخستنی كاروانەكە و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ گەڕاوەكان، یەكەمین كاروانی ئاوارەكان.
لیژنەی كۆچبەرانی سەرێكانی رایگەیاندبوو، لە نزیكەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەكانی ئەو پێشێلكارییە تەناهیانە دەكەن كە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی گەڕاوە ئەنجامدراون.
















Leave a Reply