جێگر بۆرهان معمد
وەک منداڵێک کە دایک و باوکی لە دادگای تەڵاقداندا شەڕ لەسەر سامان و ماڵ دەکەن، بەڵام هەردووکیان بیریان چووەتەوە کە منداڵەکەیان لە هۆڵی دەرەوە لە برسا دەگری و کەس پارەی کرێی پاسی پێنەداوە بۆ گەڕانەوە؛ هاوڵاتیی کوردستانیش لە نێوان بەرداشی هەولێر و بەغدادا ڕێک بەمجۆرە فەرامۆش کراوە. کاتێک فەرمانبەرێک لە سلێمانی یان هەولێر بۆ ماوەی چەندین مانگ مووچە وەرناگرێت و ناتوانێت تەنانەت پارەی نەخۆشخانەی منداڵەکەی بدات ، لە هەمان کاتدا دەبینێت شاندەکانی هەرێم و ناوەند لە باڵەخانە گرانبەهاکانی بەغدا دانیشتوون و باسی “دەستوور” و “شایستەی دارایی” دەکەن، تێدەگات کە ئەمە ململانێ نییە لەسەر مافی ئەو، بەڵکو قومارێکە لەسەر قوتی ئەو. لەم هاوکێشەیەدا، بەغدا بە بیانووی تەمبێکردنی سەرکردە کوردەکان، سزای بەکۆمەڵی خەڵک دەدات ، و هەولێریش بە بیانووی غەدرلێکراوی، دەیەوێت خەڵک بکاتە قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی کۆمپانیا و داهاتە نەوتییەکانی
ئەم کارەساتە درێژخایەنە، ئەنجامی کێشەی یاسایی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو زەلکاوە سیاسییەیە کە هەردوو حکومەت دروستیان کردووە. لە لایەکەوە، حکومەتی فیدراڵی عێراق کە خۆی لە گەندەڵیدا نغرۆ بووە، دەیەوێت بە بڕینی مووچە و دروستکردنی گوشار، دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت و کەرامەتی هاوڵاتیی کورد بشکێنێت. لە لایەکی تریشەوە، دەسەڵاتدارانی کورد کە بۆ ماوەی سێ دەیە سامانی ئەم وڵاتەیان وەک موڵکی خێزانی بەکارهێناوە و نەیانتوانیوە تەنانەت یەک بودجەی شەفافیش پێشکەش بکەن ، ئێستا کە مایەپووچ بوون، بەغدا دەکەنە بیانوو بۆ داپۆشینی ئەو تاڵانکارییەی کە خۆیان لە ناوخۆدا دەیکەن.
ستەمکاری و نادادی، نیشانەی وێرانبوونی شارستانییەت و ئاوەدانییە ئەمەش ڕێک هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە سۆماڵیای سەردەمی جەنگی ناوخۆییدا بینرا، کاتێک سەرکردە چەکدارەکان شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەندەرەکان و داهاتەکان دەکرد، و هەر لایەنێک ئەوی تری تاوانبار دەکرد بە نیشتمانفرۆشی، لە کاتێکدا ملیۆنان هاوڵاتیی ئاسایی لە برسا دەمردن و بوونە قوربانیی شەڕێک کە پەیوەندی بە ژیانی ئەوانەوە نەبوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە بەغدا و هەولێر، لە جەنگاوەرەکانی سۆماڵیاش بێباکترن؛ ئەوان شەڕەکانیان بە چەک ناکەن، بەڵکو بە بڕینی نانی منداڵان دەیکەن، و ڕۆژانەش لەسەر شاشەکان خۆیان وەک فریشتەی ڕزگاری پیشان دەدەن.
کاتێک ئاسمان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە داگیر دەکرێت و ماڵی هاوڵاتییان دەکرێتە ئامانج، هەولێر داوای قەرەبوو لە بەغدا دەکات ، و بەغداش بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەمە نیشانی دەدات کە هاوڵاتی تەنها کاڵایەکە بۆ مامەڵەی سیاسی؛ ئەگەر پێویستیان بە گوشار بێت، مووچەی دەبڕن، و ئەگەر پێویستیان بە سۆزی نێودەوڵەتی بێت، دەیکەنە قوربانیی موشەکەکان.
















Leave a Reply