محمد حوسێن عەزیز
کاتێک سەیری ململانێی سەد ساڵەی ناوچە جێناکۆکەکان دەکەین لە کەرکووکەوە تا شنگال و خانەقین، تابلۆکە هەمیشە وەک شەڕێکی جیۆپۆلەتیکی لەسەر نەوت، خاک، و دیمۆگرافیا وێنا دەکرێت. بەڵام ئەگەر زۆر بە وردی بچینە ناو دڵی ئەو پێکهاتانەی ڕۆژانە لەو ناوچانەدا دەژین، دەبینین کە شەڕە گەورە و کوشندەکە شتێکی زۆر قووڵترە لە کێشەی جوگرافی؛ ئەویش بریتییە لە داڕمانی تەواوەتیی “متمانە”. حکومەتەکانی عێراق بە درێژایی دەیان ساڵ کاریان بۆ ئەوە کردووە کە متمانەی نێوان پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، و ئێزیدی) و متمانەی هاوڵاتی بە دەوڵەت بەتەواوی لەناو ببەن. کاتێک جوتیارێکی کورد دەبینێت دەسەڵاتی فیدراڵی لەبری پاراستنی، پشتگیری لە داگیرکارانی زەوییەکەی دەکات بە یاساکانی سەردەمی بەعس، یان کاتێک خێزانێکی ئێزیدی دەبینێت کە دوای جێنۆساید هێشتا ناتوانێت بە ئارامی بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆی چونکە هێزە چەکدارەکان (وەک حەشدی شەعبی) ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئیتر ئەو شتەی پێی دەوترێت “بڕوابوون بە دەوڵەت و یاسا” دەبێتە وەهمێکی بێمانا.
مەترسییە گەورەکەی ئەم لەدەستدانی متمانەیە لەوەدایە کە وا دەکات خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان هەمیشە لە دۆخی “ئامادەباشی بۆ شەڕ” و گومانکردن لە یەکتردا بژین. ئەوان چیتر حکومەت بە چارەسەر نابینن، بەڵکو بە بەشێک لە کێشەکەی دەزانن کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئاژاوەی نێوان پێکهاتەکانەوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت. هێزە سیاسییە کوردی و عەرەبییەکان لەبری ئەوەی هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەم متمانەیە بدەن لە ڕێگەی شەفافیەت، خزمەتگوزاری، و جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی دەستوور، هەمیشە کەمینەکان و خەڵکی ناوچەکە وەک “کارتێکی فشار” لە دژی یەکتر بەکاردەهێنن. ئەم سیاسەتە بەرژەوەندیخوازانەیە وای کردووە کە تەنانەت ئەگەر سبەی بڕیارێکی سیاسی بۆ چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان دەربچێت، خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو ناوچانە بڕوای پێ ناکەن، چونکە ئەوان باش دەزانن کە دەکرێت خاک بە هێز دابەش بکرێت، بەڵام متمانەی شکاو بە هیچ بڕیارێکی حزبی و ڕێککەوتنی ژوورە داخراوەکان چاک نابێتەوە.
















Leave a Reply