پارە لە مووچەیەک دەبڕدرێت کە هێشتا دابەش نەکراوە؟!

بینەر: (3.7K)

ئارام جەمال خدر

لە یەکێک لە سەیرترین، کۆمیدیترین، و هاوکات ئازاربەخشترین هاوکێشە بیرکارییەکانی مێژووی ئابووریی جیهاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی داهێنانێکی سەرسوڕهێنەر تۆمار بکات، ئەویش بریتییە لە: “بڕینی پارە و سەپاندنی باج بەسەر مووچەیەکدا کە هێشتا لە بنەڕەتدا بوونی نییە و دابەش نەکراوە!” کاتێک فەرمانبەرێکی ماندوو کە بۆ چەندین مانگە وەکو سواڵکەر چاوەڕێی مووچەکەیەتی، لەناکاو نامەیەکی پێدەگات یان بڕیارێکی حکومی دەبیستێت کە تێیدا داوای لێ دەکرێت باجی تازە، پارەی پێوەری زیرەکی کارەبا، یان ڕسووماتی جۆراوجۆر بدات، تووشی جۆرێک لە شۆکی دەروونی دەبێت کە نازانێت پێبکەنێت یان بگری.

ئەمە ئەو واقیعە گاڵتەجاڕییەیە کە تێیدا حکومەتێک بەڵێنی “ئابووریی سەربەخۆ”ی دەدا، کەچی ئێستا نەک هەر ناتوانێت مافی خەڵک بدات، بەڵکو وەها مامەڵە لەگەڵ گیرفانی خاڵیی هاوڵاتییەکانیدا دەکات کە وەک بڵێیت ئەوان بانکی ناوەندین! ئەمە لوتکەی داڕمانی سیستەمێکە کاتێک باوکێکی هەژار کە توانای کڕینی دەرمانی منداڵەکەی نییە چونکە حکومەت مووچەکەی خواردووە، دەبێت باجی قەیرانەکانی حکومەتیش بدات.

دەسەڵاتداران لەناو کۆشکە فێنکەکانیاندا دانیشتوون و بڕیار دەردەکەن کە دەبێت هاوڵاتی پێش ئەوەی پارەکەی وەرگرێت، کرێی خزمەتگوزارییەکان بدات، وەک ئەوەی فەرمانبەران ئامێرێکی چاپکردنی پارەیان لە ماڵەوە هەبێت! ئەوانەی کە بەردەوام باسی سەرکەوتنی ئابووری دەکەن، با باش بزانن کە سەپاندنی پارە بەسەر گیرفانێکی خاڵیدا، نەک هەر نیشانەی ئیفلیجیی حکومەتە، بەڵکو گەورەترین سووکایەتییە بە کەرامەتی ئەو میللەتەی کە بە کرداری، پێش ئەوەی پاداشت بکرێت، سزا دەدرێت و دەچەوسێنرێتەوە

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *