هەڵبژاردنەکان بەهایان هەیە لە کوردستان

بینەر: (451)

ڕۆشبین تاهیر

کاتێک هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان ڕۆیشتن، ئەوان تەنها پارچە کاغەزێکیان نەخستە ناو سندوقەکانەوە، بەڵکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییان واژۆ کرد بەو مەرجەی کە دەنگەکانیان بە خێرایی ببنە هۆی پێکهێنانی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی وەڵامدەرەوە. خەڵک دەنگی دا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، و بۆ بوونی دامەزراوەیەک کە بتوانێت لێپرسینەوە لە گەندەڵی بکات؛ بەڵام ئەوەی تا ئێستا، دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ وەریانگرتووە، تەنها بێدەنگییەکی کوشندەی پەرلەمان، شەڕە لێدوانی بێزارکەری مەکتبە سیاسییەکان، و زنجیرەیەک دانوستانی بێکۆتاییە کە تێیدا حیزبەکان خەریکی دابەشکردنی سامانی وڵاتن وەک ئەوەی غەنیمەی جەنگ بێت. ئەمە گەورەترین پرسیار لای هاوڵاتییان دروست دەکات: ئەگەر بڕیارە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ چەندین ساڵ لەناو چەکمەجەی مەکتبە سیاسییەکاندا زیندانی بکرێن تا حیزبەکان لەسەر پشکی خۆیان ڕێکدەکەون، ئیتر چ بەهایەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی دەمێنێتەوە؟ ئەم دواکەوتنە زۆرە تەنها کاتکوشتن نییە، بەڵکو کوشتنی سیستماتیکی متمانەی جەماوەرە بە خودی چەمکی هەڵبژاردن، چونکە کاتێک دەنگدەر دەبینێت کە دەنگەکەی ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک دروست بکات و تەنها دەبێتە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە ڕێککەوتنی پێشوەختەی حیزبەکان، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سندوقەکانی دەنگدان بە تەواوی چۆڵ دەبن.

سەرکردە سیاسییەکان دەبێت لەسەر بنەمای توانایان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەر هەڵبسەنگێنرێن، نەک لەسەر بنەمای لێهاتووییان لە یاریی کاتکوشتن و دروستکردنی قەیرانی دەستکرددا. سەرکردەیەک کە ئامادەیە پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێک ئیفلیج بکات تەنها بۆ ئەوەی وەزارەتێکی زیاتر یان پشکێکی گەورەتر لە نەوت و خاڵە سنوورییەکان بەدەست بهێنێت، ناتوانێت بانگەشەی نیشتمانپەروەری یان دیموکراسی بکات. دیموکراسی تەنها کێبڕکێی ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو توانای قبوڵکردنی ئەنجامەکان و خێراکردنی پرۆسەی حوکمڕانییە دوای هەڵبژاردن. تا ئەو کاتەی ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان ڕاستەوخۆ نەبنە هۆی جووڵاندنی مەکینەی دەوڵەت، و تا ئەو کاتەی ژوورە داخراوەکانی حیزب بڕیاردەری کۆتایی بن لەسەر کاتی کردنەوەی دەرگای پەرلەمان، ئەوا هەڵبژاردن لەم هەرێمەدا تەنها ئاهەنگێکی گرانبەهایە کە هاوڵاتییان تێچووەکەی دەدەن و سیاسییەکانیش قازانجەکەی بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *