بەهۆی شێوازی ژیان و جۆری خۆراك و كەمجووڵانەوە و زۆری سترێسەوە، نەخۆشی شەكرە بووەتە نەخۆشییەكی سەردەم و زۆر بڵاوە، جیا لە نیشانەكانی، چەندان كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤەوە هەیە، لەوانە بۆ سەر چاو و گورچیلە و پێیەكان و دەمارەكان و هیتریش، یەكێك لە كاریگەرییانەی توێژینەوەكان باسی دەكەن، لاوازی سێكسییە، بەڵام هەموو نەخۆشێكی شەكرە تووشی دەبێتەوە؟
بە گشتی و بەپێی توێژینەوەكان، ئەو پیاوانەی تووشی شەكرە دەبن، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە هەیە بە بەراورد بەو پیاوانەی تەندروستن، بەتایبەتی ئەگەر بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە نەكەن، بابەتەكەش تەنیا پێوەست نییە بە تەندروستی سێكسییەوە، بەڵكو دەبێتە هۆی كێشە لە لوولەكانی خوێن و دەمارەكان، چونكە رەقبوونی ئەندامی نێرینەی پیاو كە پێویستە بۆ پرۆسەی سێكسی، پشت بە هاتنی خوێن، واتە هەردوو جۆری دەماری خوێن و هەستییەكانەوە دەبەستێت، كە شەكرە كار لە هەردووكیان دەكات.
لە هەندێك حاڵەتدا ئەگەری تووشبوونی پیاوانی نەخۆش بە شەكرە بە لاوازیی سێكسی زیاتر دەبێت، لەوانە كۆنترۆڵنەكردنی ئاستی بەرزی شەكری خوێن، واتە هەبوونی نەخۆشییەكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، جگەرەكێشان، زۆرخواردنەوەی كحوول و بەرزی پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیسترۆڵ و زیادی كێش و قەڵەوی و كەمجووڵانەوە و وەرزشنەكردن، ئەوە جیا لە رارایی و سترێسی زۆر و شێوانی خۆرمۆنی و هەندێك جۆر دەرمان، بەڵام تووشبوون بە شەكرە مانای ئەوە نادات كە هەر دەبێت ئەو كەسە تووشی لاوازیی سێكسی ببێتەوە، كۆنترۆڵكردنی شەكرە و بوونی كێشێكی تەندروستی لەش و وەرزشكردن و وازهێنان لە جگەرەكێشان و پابەندبوون بە وەرگرتنی دەرمانەكان بە رێكوپێكی، هەموو ئەوانە نەخۆش لەو حاڵەتە دەپارێزن.












Leave a Reply