محەمەد سەمعان پارێزگاری نوێی کەرکووک كە لە بنەڕەتدا تورکمانە، خۆی بە قەرزاری هەوڵ و پاڵپشتییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا دەزانێت كە بووەتە پارێزگار، لە یەکەم هەنگاوەکانیدا وا دەردەکەوێت کرۆکی پرۆژەی خۆی بە دژایەتی کورد و پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی توندڕۆ و كۆنەپارێزی تورکیی ڕێکخستووە. ئەو لە وتووێژێکدا لەگەڵ “کەناڵی عراقیە”، دژوازییە کوشندە و مەترسیدارەکانی خۆی لە قسە و کرداردا بە چەند خولەکێك دەرخست. ئەو گوتی، ئێمە بەشێکین لە جیهانی تورکی و کەرکووکیشی خستە ناو شارەوانییەکانی دنیای تورک کە نەک هەر لە وڵاتانی توندڕۆی ناسیونالیستی تورک پێکهاتووە، بەڵکوو ئەو وڵاتە ناتورکانەیشی تێدایە کە لە دەلاقەی ئابوورییەوە چاو لە هاوکارییەکانیان دەکەن.
ئەم پارێزگارە نوێیە، دەڵێت: ئێمە تورکیامان لە پشتە و من وەک پارێزگاری نوێ هیچ جیاوازییەک ناکەم لە نێوان تورکمان، کورد و مەسیحی و عەرەب، بەڵام هاوکاتیش گوتی، کەرکووک بەشێکە لە جیهانی تورکی و ئێمە بەو جیهانەوە گرێ دراوین و ئەو جیۆگرافیایەی لە دڵماندایە هاندەر و ڕێنیشاندەرمانە کە لە ئاڵتا تا دانووب، لە خۆ دەگرێت. ئەمانە تەنیا بەشێکن لە قسەکانی سەمعان کە بە ئاسانی دژوازی و فاشییەتی لێ دەخوێنرێتەوە.
هەر بەو ئاراستەیەدا لە وەڵامی دوو پرسیاری کەناڵەکەدا، مادەی ١٤٠ی بە شتێکی هەڵە ناو برد و ڕەخنەی لەوە گرت کە هێزی پێشمەرگە نابێ لە ناوچە دابڕێنراوەکان هەبێت و کاریگەریی و هەژموونیی هەبێت. هاوکات لە لایەكی تریشەوە هادی عامری سەرۆکی لیژنەی مادەی ١٤٠، ماوەیەک پێش ئێستە بە نووسراوێک بۆ وەرگرتنی فۆرمی خۆراک، زەوینەی دەستێوەردان بۆ گۆڕینی ژمارەی دانیشتوان و لاسەنگکردنی باری دیموگرافیی کەرکووک، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی عەلی زەیدیشدا هەر پلانەکان دژی کەرکووک و کەرکووکییەکان و قەوارەی هەرێم بەردەوام دەبن و بێگومان ئێران و تورکیا ئەرکەکانی لە کوردستانیخستنی کەرکووک بە پراکتیک ڕادەپەڕێنن و هەر کاتێکیش کورتییان هێنا، ئەوا میلیشیاکانی عێراق دێنە ناوەوە.
ڕەوایە کورد لە خۆی بپرسێت بۆچی کەرکووک بەم دۆخە گەیشت؟ بۆچی کەرکووکێک کە دوای 2003 کورد لە هەموو ڕوویەکەوە تێیدا باڵادەست و پێشخەر و ڕامیار بوو، ئێستە ئاوا کەوتووەتە مەترسییەوە و کەسیش بەرپەرچی ناداتەوە؟ ئێستە ئیتر هەموو کوردێک دەزانێت کەرکووک هەر شارێک نییە بە نەوتەکەی بناسرێتەوە و لەو ڕووەوە گرینگ بێت، سەرباشقەی ئەوە، کەرکووک بۆ کورد هێمایەکی مێژوویی، کولتووری و سیاسیی گرینگی هەیە. شارێک بە پێشینەیەکی دوورودرێژی کوردییەوە کە لە سەردەمی فەیسەڵەوە تا سەردەمی سەدام هێشتا ئەوەندە سیماکەی غەریب نەبوو، لە پاش سیاسەتەکانی بەعس کە کەرکووک بەم ڕۆژگارە گەیشت، سیاسەتێک کە تا ئێستەیش کە ئەم وتارە دەنووسم، بەردەوامە و بیر لە تاکتیک و تەکنیکی نوێ دەکرێتەوە کە کوردی لێ دەربەدەر و نامۆ بکەن.
زۆر سەیرە ئەم پارێزگارە بەو دەمهەراشی و بێباکییەوە قسە دەکات، کەس نە لە عێراق و نە لە ناوچەکە فزەی لێوە نایەت، کەچی ئەگەر مودیرعامێکی کورد بیگوتایە کەرکووک شارێکی کوردستانییە، ئێستە فەسڵ کرابوو! ئاخر ئەمە چ نادادی و بێئەخلاقییەکە؟ کابرا کەرکووک بە شارێکی تورکی (نەک تورکمانیش!٠ دەزانێت و لە پلەیەکی فەرمیی یاساییدا دژی یاسا و مادەی ١٤٠ی دەستوور قسە دەکات، بەڵام کەس ناڵیت بان چاوت برۆیە؟ ئایا ئەم بێدەنگییە نیشانەی ئەو پلانە ترسناکانە نین کە لێرەولەوێ لە دژی کورد و کەرکووک و کوردستان، باس دەکرێت؟.
لاوازبوونی کورد لە کەرکووک ڕێک یەک مانای سەرەکیی هەیە، ئەویش لاوازبوونی کوردستانە. لێدانە لە قەوارەی هەرێم و خەونی کوردستانیبوون، نەک عێراقیبوون. بەداخەوە ئەم دۆخە بە پلەی یەکەم دەرئەنجامی یەکنەبوونی کورد و ئەو ترازانەیە کە لە ماڵی کوردیدا هەیە و جەخار و مەخابن ئەمەیش مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هەر کاتێکیش باسی دەکەین جگە لە کولانەوەی قەتماغەی برینەکان، ئەنجامێکی وامان لێ هەڵنەکڕاندووە.
بۆچی کاتێک د. ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک بوو تەنانەت بوار نەدەدرا لە هەندێ شوێن بە کوردی قسە بکات، بۆچی ڕێگریی لە بەکارهێنانی زمانی کوردی کرا؟ بۆچی جووتیار و دانیشتووانی گوندەکان ئیحراج کران و جێی باوباپیر و نیشتەجێبوون و مەسکەنی لەمێژینەیان پێ لێژ کرا؟
ئەمانە هەمووی پرسیارن و لە دڵێکی بریندارەوە دێنە دەرەوە. تا کەی دەبێت ئێمە بە گوتارێکەوە قسە بکەین کە وەک بێدەسەڵاتی و لارەملی بخوێنرێتەوە، لە حاڵێکدا ژمارەی کورد لە کەرکووک لە تورکمان و عەرەبیش زیاترە، ئەمە ئەگەر ملدان بە هەژموونی ئەوانیتر و خۆڕادەستکردن نەبێت، چی لی بخوێنرێتەوە؟ لە بیرمە کاتی هاتنەئارای کێشەی جووتیاران و جووڵاندنی هامەر و هێزی میلیشا کلکەدراوەکان، د. شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق ڕاستەوخۆ هاتە سەر خەت و خەڵکە زوڵملێکراوەکەی بەسەر کردەوە. نامەویت لێرەدا باس و بەراوردێک بکەم کە دیسان بێتە هۆی دڵئێشان و حزبایەتی، بەڵام بێگومان بەشێکی زۆری هۆی ئەوەی کەرکووک بەم ڕۆژە گەیشت، ئەو گوتارە عێراقچییە بوو کە پێوەر و دیسیپلینە کوردی و کوردستانییەکانی بە سووک وەرگرت و ئەنجامەکەیشی بوو بە گۆڕینەوەی پلە و پۆست و بەرژەوەندیی حزبی و لایەنەکان.
ئەگەرچی ئێستە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئێمە ئەو هیوایەمان هەیە گوتاری کوردستانیبوونی کەرکووک بەبێ ڕووپامایی و ئەملاولا، زەق بێتەوە و بە ڕاستی ئەوانەی وەک پارێزگاری نوێش دەجووڵێنەوە، دەبێت بەهۆی بێڕێزیکردن بە دەستوور و هاوکاریی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکانی شارەوانییەکانی دنیای تورکی و… بخرێنە بەردەم دادگا. لە دواجاردا دەڵێم، ئەوەی دەردی کەرکووک و کورد چارەسەر دەکات، یەکگرتنێکی ستراتیجی کوردە، ئەگینا ئەمەی ئێستەیش كە ململانێی حزبی و سیاسیی لەسەر دەکرێت، لە کیس دەدەین.
جیهان و ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردان و شێوازەکانی دەستێوەردان و ناوەرۆكی پلانەکانیش بێگومان دوای ئەم شەڕە ئاڵۆزەی ناوچەکە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆیە تکا لە هەموو لایەنە کوردییەکان دەکەم، وەک کوردێکی دڵ بریندار و هاوسۆز لەگەڵ دۆزی نەتەوەکەم، یەکگرن و کەرکووک و ناوچە دابڕینراوەکان مشوور بخۆن.
















Leave a Reply