گەمارۆی ئابووری و داڕمانی تمەن ئێران بەرەو کوێ دەبەن؟

بینەر: (1.3K)

دوای شەش مانگ لە جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، /٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستی پێ کرد/، ئابووریی ئێران لە قەیرانێکی درێژخایەنی سزاکانەوە گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیارتر. جەنگەکە تەنیا لە مەیدانی سەربازییدا نەماوەتەوە، بەڵکو ئابووری بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ململانێ. گەمارۆی دەریایی گەرووی هورمز، وەستانی بەشێکی زۆر لە هەناردەی نەوت و دابەزینی بەهای تمەن، کۆمەڵە گوشارێکی قورسیان لەسەر ئابووریی ئێران دروست کردووە.

دابەزینی بەهای تمەن یەکێکە لە ئاشکراترین نیشانەکانی قەیرانی ئابووری. لە جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو تا ئێستە، تمەن نزیکەی ٦٠٪ی بەهاكەی لە دەست داوە. تا مانگی نیسان، یەک دۆلار بە نزیکەی ١٣٢ تا ١٤٠ هەزار تمەن بوو، بەڵام تا کۆتایی ئاب نرخەکە لە ٢٠٠ هەزار تمەن تێپەڕی. ئەم دۆخە بەشێکی زۆری پێوەندی بە سزا نوێیەکانی واشنتۆن و تێکچوونی بازرگانیی دەرەوەی ئێرانەوە هەیە.

هەڵاوسان پێش جەنگ لە سەرووی ٥٠٪ بوو، ئێستە بەپێی هەندێک خەمڵاندن لە نێوان ٦٦٪ تا ٦٨.٩٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەخەمڵێندرێت، ئەم ئاستە لە دوای ساڵی ١٩٧٩ەوە بێ ‌وێنەیە. لە کاتی جەنگەوە بە تایبەتی نرخەکانی خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، بۆ نموونە هەڵاوسانی خۆراک کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ نزیکەی ٦٤٪ بوو، لە مانگی شوباتدا گەیشتە ١٠٥٪.

بۆ ئێرانییەکان، ئەمە واتە گۆڕانی بەردەوامی نرخەکان، هەندێک جار بە شێوەی ڕۆژانە، نرخی خواردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، لە کاتێکدا کەمترین مووچەی مانگانەی دیاریکراوی حکوومەت ٨٢ تا ١٠٨ دۆلارە. لەگەڵ ئەمەیشدا، دووکانداران دەڵێن، فرۆشیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٤٠٪ کەم بووەتەوە، و پرۆژەی بچووک ڕووبەڕووی مەترسیی مایەپوچی بووەتەوە.

نەوت؛ گەورەترین سەرچاوەی گوشار

کەرتی نەوت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی جەنگ و سزاکانی لەسەر دارایی ئێران پێشان داوە. ئێران پێش دەستپێکردنی جەنگ ڕۆژانە نزیکەی ٢.١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام لە مانگی ئایاردا هەناردەی نەوتی خاو لەژێر کاریگەریی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکادا، بۆ نزیکەی سفر دابەزی. داهاتی مانگانەی نەوت کە پێشتر لە سەرووی چوار ملیار دۆلارەوە بوو، بۆ کەمتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە، واتە کەمبوونەوەی زیاتر لە ٩٥٪.

لەبەرئەوەی داهاتی نەوت پێش جەنگ بەشێکی گرنگی بودجەی حکوومەتی دابین دەکرد، ئێستە حکوومەت ناچارە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بودجە پشت بە باجی ناوخۆ، هەناردەی نانەوتی و یەدەگە داراییەکان ببەستێت. بەڵام ئەم شێوازە ناتوانێ بەردەوام بێت و بارێکی گران لەسەر ئابووریی وڵاتەكە دادەنێت.

خەمڵاندنەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو بۆ ئابووریی ئێران، چەند جارێک گۆڕدراون و لە کۆتاییدا پێشبینیی پاشەکشەی ئابووری کراوە. پێشبینییەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە -٦.١٪ەوە بۆ -٥.٤٪ گۆڕاوە. لە هەمانکاتدا، ڕێژەی بێکاری بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٩.٢٪ خەمڵێندراوە، بە تایبەتی لەبەر زیانگەیشتن بە ژێرخانی پیشەسازی و کەرتی پێترۆکیمیایی.

لەناو ئەم قەیرانەدا، داهاتووی ئابووریی ئێران بە سێ سیناریۆ دەخرێتە ڕوو:

سیناریۆی گەشبینانە کە تێیدا تا کۆتایی ئەیلوول رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا دەکرێت و بەشێک لە سزاکان لادەبرێن.

سیناریۆی مامناوەند کە رێککەوتنێکی کاتی بەردەوام دەبێت و چارەسەری گشتگیر بۆ ٢٠٢٧ دوا دەکەوێت.

سیناریۆی ڕەشبینانە کە بەردەوامبوونی سزاکان دەتوانێت ئابووریی ئێران بەرەو هەڵاوسانی زۆر بەرز و تەنانەت کەمەرشکاندنی ئابووری ببات.

لە کۆتاییدا، جەنگ بۆ ئێران تەنیا کێشەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ توانای ئابووری و سیاسیی حکوومەت بۆ بەڕێوەبردنی قەیران. ئەگەر گەشەی ئابووری، داهاتی نەوت و توانای کڕینی هاووڵاتیان بەردەوام لە دابەزیندا بن، پەستانە ئابوورییەکان دەتوانن لە ماوەی داهاتوودا کاریگەریی قووڵتر لەسەر ئارامی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران، دابنێن.

لە نوێترین پەرەسەندندا، هێرشە لە ناكاوەکانی یەكی ئەیلوولی 2026، بارودۆخی جەنگەکەیان دووبارە ئاڵۆزتر کردەوە. كاتێك ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازیی ئێران كرد، لەوانە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و ناوەندەکانی پێوەندی. لە بەرانبەردا، ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و ئامانجە ئەمەریکییەکانی لە ناوچەكە، لەوانە بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن و بەحرەین، کردە ئامانج.

ئەم هێرش و وەڵامدانەوەیە تەنیا گەڕانەوەی جەنگ بۆ مەیدانی سەربازیی نییە، بەڵکو مەترسییەکانی سەر ئابووریی ئێران و بازاڕی وزەی جیهانی زیاتر کرد. هێرشەکان لە نزیك گەرووی هورمز و هێرش بۆ سەر تانکەرەکانی نەوت، نیگەرانیی لەبارەی بەردەوامبوونی هاتوچۆی نەوت لە ناوچەکە بەرز کردووەتەوە، لە هەمان ڕۆژدا نرخی نەوت زیاتر لە چوار دۆلار بەرز بووەوە.

ئەم دۆخە كە نە شەڕی بەردەوامە و نە ئاشتی لە ئاسۆوە دیارە، دۆخی ئابووری و ئارامی بەتەواوی خستووەتە دڵەڕاوكەوە و دیار نییە كۆتایی بەرەو كوێیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *