ڕۆژئاوا و باکور لە نێوان کەسپەرستی و واقیعدا

بینەر: (956)

ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە کتوپڕی نەگەیشتوون بەم قۆناغە. زیاتر لە یەک دەیە دەسەڵاتێکی فرەوانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەسەر پارێزگەکانی ڕۆژائاوای کوردستان و تەنانەت بەشێک لە ناوچە عەرەبنشینەکاندا، ئەگەرچی بێ قەیران و کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیی نەبوو، بەڵام دەرفەتێکی کەموێنە و زێڕین بوو بۆ ئەوەی ئاسۆی ئامانج و ستراتیجی درێژماوەی خۆی دیاری بکات. لەم ڕۆژانەدا و بە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و هەموو باڵەکانی ژێر سێبەری و بوون بە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە، دنیایەک باس و خواسی دژبەیەک و لێکدانەوەی جیاواز و تەنانەت جوێن و تۆمەتیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

زۆر لەوانەی بەرگریی لە عەبدی دەکەن، ڕاستییەكەی بەرگریی لە کەسایەتی و پێشینە و لایەنی ئایدۆلۆجیانەی دەکەن، نەک ئەوەی بیر لەو دەرئەنجامانە بکەنەوە کە ئێستە ناچاری کردووە لە پلەی ڕکابەرێکی بەهێز و کەموێنەی ناو گۆڕەپانی سووریادا ببێت بە ڕاوێژکاری شەرع. بەشێک لەوانەی ڕەخنە لە مەزڵووم عەبدی و دەرهاوێشتەی پرۆژە سیاسی و سەربازییەکەی دەگرن، لە بازنەیەکی چاوەڕوانیی ناواقیعیدا پێوەرەکان دیاری دەکەن.

بۆ دەرچوون لەم فەوزایە پێویستە چەند خاڵێک لەبەرچاو بگیرێت:

یەکەم، ئەوەی ئەمەریکاییەکان و وڵاتانی بەشدار لە شەڕی داعش کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانیان بوون و بەڵێنی هیچیان جگە لە هاوپەیمانیی لە چوارچێوەی شەڕ دژی داعشدا نەداوە.

لێکدانەوە: بێگومان ئەوە ڕاستە و هەم ئەمەریکا و هەمیش عەبدی ددانیان پێدا ناوە، بەڵام بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە و دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە لە بەرانبەر مێژوودا بدەنەوە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وتیان، بەڵام داخۆ هەسەدە و فەرماندەکانی هیچ مشتومڕ و دانوستانێکی دیپلۆماسییان نەکرد لەگەڵیان؟ هیچ ناڕەزایەتییان دەرنەبڕی؟ بە کورتییەکەی، ئایا هیچیان داوا نەکردووە لە هاوپەیمانان؟ ئەی ئەمە چۆن هاوپەیمانییەکە ببیت بە لەشکری پێڕۆی چەندان وڵات و هەزاران ڕۆڵەی کورد بە کوشت بدرێت و دەرئەنجامیش بڵێی، وەڵا ئەوان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بوون کە هاوپەیمانیمان تەنیا بۆ لەناوبردنی داعش بوو و تەواو.

خاڵی دووەم: دۆخی ڕۆژئاوا هەم لە ڕووی جیۆگرافی و هەم لە ڕووی تەناهی و ستراتیجییەوە هەستیار بوو، چەندان وڵات یارییان تێدا دەکرد، جگە لە تورکیا و هەرێمی کوردستان /بەدەر لەم دواییانە کە قەیرانە مرۆییەکەی ڕۆژئاوا هاتە پێش و تەنیا هەرێم فریای كەوت/ ئەو سیستمە سیاسییەی ڕۆژئاوا بواری بە زۆربەی هێزەکان دەدا لە پێوەندی و دانوستاندا بن لەگەڵی. لەم خاڵەدا ستراتیجی ئانارشییانە، بووە بەهۆی شکستی هەسەدە و توانەوەیان لەناو هێزەکانی سوریادا، لێرەدا ئەوان بەشێوەیەکی سەیر لەناو دنیا ئایدۆلۆجییەکەیاندا دەژیان کە بۆ ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر خەون و خەیاڵاوی بوو. برایەتیی گەلان ئەو تێزەی ئیمرالی و قەندیل کە چاوی واقیعبینیی بەسەر هێز و فەرماندە و ڕێبەرانی باکور و ڕۆژئاودا داخست.

وەک لەدوا قۆناغدا بۆمان دەرکەوت، هێزەکانی عەرەب وەک دەڵێن بە هاندان و ڕێکخستنی قەتەر و عەرەبستان، بۆ پشتیوانیی شەرع، لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و تێزی برایەتیی گەلان بە تەواوی پووچەڵ بووەوە. نەبوونی ئەو واقیعبینییە کە جیۆگرافیای ناوچەکە و بە تایبەتی سوریا، بارگاوییە بە کۆمەڵێک برین و مێژوویەک لە ڕق و دوژمنایەتی و بارستاییەکی گەورە لە ئایدۆلۆجیای ئاخرزەمانی کە لە چوارچێوەی تێزێکی کۆمەڵایەتی و دەرهەستئامێزی ڕێبەرێکی دابڕاو لە واقیع، ناچێتە ئاستی کردارەوە.

واتە بەزۆر ناکرێت واقیع بکەین بە خەیاڵ، دەکرێت لە فەزایەکی گونجاو و شیاودا هەوڵی لەم شێوەیە بدرێت، بەڵام ئاخۆ فەزایەک کە ئاخێزگە و هەڵتۆقێنەری داعش و دەیان گرووپ و خێڵی توندڕۆی دژەیەکتر و دژەکوردن، گونجاوە بۆ مومارەسەکردنی برایەتی گەلان؟ ئایا ئەنجامەکانی بەتەواوەتی ڕوون بوونەتەوە یان دەبێت قوربانیی زیاتر بدرێت؟

سێیەم: کەسپەرستی لە باتی ئایدۆلۆجیاسازی. هەر ئایدۆلۆجیایەک دواجار دەتوانێت بە قوربانیدان بگاتە دەسکەوت. لانیکەم بەشێک لە دەستکەوتەکانی بەدیبهێنێت، بەڵام هەر لە قۆناغی چەکسووتاندنەکەوە تا لێدوانەکانی ئەم دواییەی مستەفا قەرەسوو، ئێمە ئایدۆلۆجیایەک دەبینین کە گرێدراوە بە یەک کەسەوە. کەسێک کە چەند دەیەیە لە دنیا دابڕاوە، خوا دەزانێت میت چ پلانێکی بەسەردا سەپاندووە، چ دەسکارییەکی دەروونی و زەینیی کردووە؟ چۆن دەكرێ چارەنووسی دۆزی نەتەوەیەک بە دەیان هەزار قوربانییەوە گرێ بدەین بە کەسێکەوە كە پێی ناوەتە قۆناغی پیرییەوە؟

باسەکەی من ئەوەیە، هەموو دنیا دەیزانی عەبدی و هەسەدە هێڵی سیاسییان بەپێی فەرمان و ئاماژەكانی قەندیل و ئیمرالی دیاریی دەکەن، جا بابەتی کۆمێدیی ئەوەبوو وێنەکانی ئۆجەلان داروبەردی ڕۆژئاوا و ئیدارە و فەرمانگەکانی تەنیبوو، كەچی دەیانگوت ئێمە هیچ پێوەندیمان بە قەندیلەوە نییە. وایاندەزانی دنیا کوێرە!

ئەم زاڵبوونەی گوتاری قەندیل لە ڕۆژئاوا، وایکرد دواجار نەخشەی تورکیای بێ تیرۆری باخچەلی، ڕۆژئاوایش لەخۆ بگرێت، نەخشەیەک تەنانەت ئیسرائیلیش تا ئاستێک لەگەڵی هاتووە، بەو مەرجەی بەپێی ڕێکەوتنەکانی شەرع و ناتەنیاهۆ تورکیا بەرەو باشوور نەجووڵێت و نەیەت.

خاڵی چوارەم: لە پاش هەموو ئەمانە، دەتوانین بڵێین کوردایەتیتان نەکرد، بەڵام بە خوێنی کورد کردتان، ئەی بۆچی لانیکەم بوار نادەن لەسەر ئەم شکستە قسە بکرێت و لایەنە جیاوازەکانی هەڵسەنگێنرێت. لەشکری سایبەریی کەسپەرستەکان وایکردووە باسی هەر شتێک وەک ڕەخنە و پرسیار بکەی، دەمودەست دێن ئۆجەلان وەک سووپەرمان و عەبدیش وەک سووپەر جەنەڕاڵ بە ئێمە دەناسێنن. خۆ ئەگەر وابوایە دۆخی هیچ کامیان بە ئێستە نەدەگەیشت.

ئەنجام ئەوەیە: ڕاستە عەبدی لەوە زیاتری پێ نەدەکرا، بەڵام ئایا لەو ساڵانەی لەگەڵ ساڵح موسلیم دەسەڵاتی ڕەهایان هەبوو، ئەوەی پێویست بوو کردیان؟ ئاخۆ ئەوە ئیلهام ئەحمەد نەبوو لە بەردەم کۆنگرێسدا وتی ئێمە هیچ داواکارییەکمان بۆ دەوڵەتی کوردی نییە و تەنانەت هیچ داواکارییەکمان بۆ هیچ جۆرە کیانێکی کوردیس نییە؟. ئەی چیتان ویست؟ چەندتان بەدەست هێنا و چ وانەیەکتان وەرگرت؟ ئەگەر بوارمان بدەن با ئێمەیش لەبارەیەوە قسە بکەین، خۆ ئیتر دەسەڵاتتان بە دەست نییە، ئیتر بۆچی دەتانەویت بمانخێکن و دەمکوتمان بکەن؟

هەموو کوردێک بە تەنگ ڕۆژئاوایە، هەموو کوردێک ڕێزی بۆ عەبدی هەبووە، بەڵام ئەگەر بە قسەی خۆتان ئەم دۆخە تازەیە و بژاردەی تازە دەخوازێت، بێگومان دەبێت بڕواتان بەوەیش هەبێت کە لێکدانەوە و شیکاریی تازەیش هەڵدەگرێت، هەڵبەت ئەگەر بوارمان بدەن!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *