لە دوای 30ی ئەیلوول داماڵینی چەك چۆن دەست پێ دەكات؟

بینەر: (1.1K)

لە ماوەی رابردوو ئەمەریكا گوشارێكی زۆری خستە سەر بەغدا بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان و لێكهەڵوەشاندنەوەیان، لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق، دەستی بە هەڵمەتێكی داماڵینی چەك كرد و سێ گرووپی چەكدار پاڵپشتییان لە هەڵمەتەكە راگەیاند، كەچی گرووپەكانی تر رەتیان كردەوە، حكوومەتی عێراق تا 30ی ئەیلوولی داهاتووی بۆ دیاری كردوون بۆ دانانی چەك، بەڵام دوای ئەو وادە چی روو دەدات؟

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی باسی پلانی حكوومەت بۆ داماڵینی چەك دەكەن و دەڵێن، بارەگەی سەركردایەتیی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دێتە گەمارۆدان، وەك ئامادەسازی بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی بە هەنگاویان، سوپا و دەزگای دژەتیرۆر و یەكەكانی دەستەبژێر لە دەوروبەری ناوەندی ئۆپراسیۆنەكانی ئەو میلیشیایانە و رێگەكانی بۆیان دەچن بڵاو دەكرێنەوە، ئەوەش بۆ كۆنترۆڵكردنی جموجۆڵ و گەیشتنی پاڵپشتی بۆیان، هێزەكانی حكوومەت هێزی پشكنین بۆ چاودێریكردنی هاتوچۆی چەك و دەستبەسەرداگرتنی دیاری دەكات، هاوكات سەرنج دەخرێتە سەر درۆن و مووشەكەكانیان.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، ئەو هێزانە كۆتێكی توندی تەناهی لە دەوری بارەگەی سەرەكیی میلیشیاكان بێ بەریەككەوتن لەگەڵیان دەسەپێنن، لە هەنگاوێك بۆ پاڵنانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵەیەك وەك گواستنەوەی درۆنەكانیان یان بەریەككەوتنی چەكداری یان چۆڵكردنی بارەگەكانیان بێ شەڕ، هێزەكانی حكوومەت بە هەنگاو رێوشوێنەكان توند دەكەن تا گەیشتن بە كۆنترۆڵكردنی بنكە و بارەگەكانی ساڵانێك بوو نە دەیاندەتوانی بچنە ناویەوە.

ئەو پلانە لە دوای گفتوگۆی سەركردە سەربازی و سیاسییەكان هات بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ داماڵینی چەك بێ دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری و شەڕ، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەش سوپا و دژەتیرۆر بە كردەنی دەستیان بە بڵاوبوونەوە لە چەند ناوچەیەك و رێگە خێراكان كرد، وەك هەنگاوێكی تاقیكاریی جێبەجێكردنی پلانەكە، بەشێكیان لە دەستبەسەرداگرتنی چەند بارێك درۆن سەركەوتوو بوون، كە بەرەو چەند ناوچەیەكی عێراق دەگوازرانەوە.

بەپێی رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، پلانەكەی حكوومەتی عێراق بۆ داماڵینی چەك بە شێوەیەكی سەرەكی سەرنجی خستووەتە سەر هەردوو ناوچەی جەرف سەخر، مۆڵگەی سەرەكیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و جەرف نداف مۆڵگەی سەرەكیی بزاوی نوجەبا، كە هەردوو ناوچە كەوتوونەتە باشووری بەغدا، ناوچەی جەرف سەخر، كە لە دانیشتووانەكەی چۆڵ كراوە و لە 2014ەوە بارەگەیەكی داخراو و سەرەكیی حزبوڵایە، بووەتە بنكەیەكی ستراتیجیی سەربازی میلیشیاكان، چەندان سەربازگە و جبەخانە و گرتووخانە و كارگەی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەكی لەخۆ گرتووە، لەوەش زیاتر بووەتە ناوەندێكی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای پاسداران.

هەرچی جەرف ندافە، كە كەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدای پایەتەخت، لە ماوەی دوایی ناوی وەك پێگەیەكی گرنگ و سەرەكیی هێزەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان هات، ئەویش چەندان دامەزراوەی سەربازی وەك جبەخانە و سەربازگەی میلیشیاكانی لەخۆ گرتووە، بوونی میلیشیاكان تەنیا لەو دوو شوێنە نییە، بەڵام بەهۆی نزیكییان لە بەغدا و ئەو پارێزییەی لە لایەن میلیشیاكان هەیە و گرنگیی ستراتیجییان، سەرنجیان لەسەرە، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە شوێنی تری گرنگی میلیشیاكان هەن پلانەكە دەیانگرێتەوە، لەوانە لە خورماتوو و ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەدین و سەربازگەی ئەشرەف لە دیالە و چەند ناوچەیەكی تر لە ناسرییە و واست لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا.

ئەو پلانەی حكوومەتی عێراق بووەتە مایەی نیگەرانیی بەرپرسانی ئێران، بەتایبەتی چارەنووسی ئەو چەكە پێشكەوتووانەی ئێران كە لای میلیشیاكانە، جیا لەو راوێژكارانەی سوپای پاسداران كە لە ناوەندەكانی ئۆپراسیۆن و كۆنترۆڵی میلیشیاكان لە عێراق بڵاون سەرپەرشتیی جموجۆڵەكانیان دەكەن، دوو سەرچاوەی سیاسی گوتیان، بەرپرسانی ئێانی بە ژمارەیەك لە سەرەكەدەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیان راگەیاندووە كە كاتی هەڵمەتەكەی زەیدی زۆر خراپە، چونكە دۆخی ناوچەكە پێویست بە چەكی هاوپەیمانەكانیان دەكات، بەتایبەتی لە عێراق.

سەرچاوەیەكی سیاسیی نزیك لە سەركردەیەكی باڵای شیعە ئاشكرای كرد كە ئەو سەركردە هەوڵی داوە قەناعەت بە ئێرانییەكان بكات بەوەی گوشاری زیاتر نەخەنە سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق، چونكە گوشارێكی گەورەی ئەمەریكای لە بابەتی داماڵینی چەكی لەسەرە، شكستهێنانی حكوومەتەكەی واتە كۆتاهاتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چونكە ئەو حكوومەتە رووبەڕووی تەنگژەیەكی قووڵی دارایی هاتووەتەوە، دووپاتی كردەوە كە ئێستە ئێرانییەكان گوشار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەن بۆ پاڵنانی حكوومەت بۆ دواخستنی جێبەجێكردنی پلانی داماڵینی چەك، هاوكات میلیشیاكان هەوڵی كاتكوشتن دەدەن تا كاتی دروستبوونی گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *