خەندە و پێكەنین وێڕای ئەوەی رووی مرۆڤ جوانتر دەكات و لە كاتی خەندەدا زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەكرێت، بەڵام پسپۆرانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن كە خەندە و پێكەنین، سوودی زۆری بۆ تەندروستی و بەتایبەتی دەروونی بەشێوەیەكی گشتی هەیە.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی “عەرەبیە”، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی تەندروستی قسەی بۆ دەكەن. ئەوان دووپاتی دەكەنەوە كە خەندە و پێكەنین رۆڵی زۆر بەرچاوی لەسەر تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی هەیە و بەتایبەتی تەندروستیی دەروونی هەیە، جیا لەوەی تەمەن درێژ دەكاتەوە و دڵەڕاوكێ لەناو دەبات، بۆیە خەندە و پێكەنین ژیان جوانتر و خۆشتر دەكات.
لەبارەی رۆڵی خەندە و پێكەنین بۆ مرۆڤ بۆ تەندروستی پسپۆران دەڵێن، ئەوەی وا دەكات تەمەنی مرۆڤ زیاتر درێژ بێت، گەشبینی بە ژیانە و ئەویش خەندە و پێكەنین رۆڵی كارا دەبینن، میزاجی مرۆڤ باشتر دەكەن و لە دڵەڕاوكێ دووری دەخەنەوە. بۆیە دووپات دەكەنەوە كە تەمەندرێژی پێوەندییەكی بەرچاوی بە خەندە و پێكەنینەوە هەیە.
هەروەها دەڵێن، كاتێك مرۆڤ تووشی دڵەڕاوكێ دەبێت، كاریگەرییەكەی لەسەر تەواوی جەستەی دەبێت، رووخساری مۆن و گرژ دەبێت و ماندوویی پێوە دیار دەبێت، دواتریش دۆخی دەروونی تێكدەدات، بۆیە لەوكاتەدا خەندە و پێكەنین رۆڵی گەورە دەبنیت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی كەسەكە و نیگەرانییەكانی كەمتر دەكاتەوە. خەندە لەوكاتەدا جەستە خاوتر دەكاتەوە كە ئەویش كاریگەریی لەسەر ئەركی تەواوی جەستە دەبێت.
پسپۆران ئەوەیش دەڵێن كە خەندە خۆی دڵخۆشی بۆ مرۆڤ دێنێت و خەمڕەوێنە، بۆیە گرنگە بەردەوام رووخسارت خەندەی پێوە بێت كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر میزاج دەبێت، كاتێكیش میزاج باشتر بوو، مێشك باشتر ئەركی خۆی بەڕێوە دەبات و دواتریش جەستە ئارامتر و تەندروستتر دەبێت.
ئاماژە بەوەش دەدەن كە خەندە و پێكەنین، رۆڵی زۆر گرنگ لە هاوسەنگكردنی پاڵەپەستۆی خوێن دەبینن، بەتایبەتی پێكەنین وا دەكات ماسولكەكان خاوتر ببنەوە و پاڵەپەستۆی خوێن نزمتر ببێتەوە، چونكە دڵەڕاوكێ لێدانی دڵ ناهاوسەنگ دەكات و بە پێكەنین لێدانەكانی دڵ هاوسەنگتر و ئاسایی دەبنەوە.
















Leave a Reply