هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی ئەمڕۆی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی شیعە و میلیشیاكان، چەند سەرچاوەیەك باسی ئەوە دەكەن كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر داماڵینی چەكی میلیشیاكان و دوو بژارەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوان دیاری كردووە.
بەپێی سەرچاوەكان یەكەم بژارە بریتییە لە گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ میلیشیاكان كە كۆتایی بە دۆسیەی داماڵینی چەك بێت، دووەم بریتییە لە پەنابردن بۆ رێوشوێنی توندتر بۆ سەپاندنی داماڵینی چەك بەسەریاندا، لەو ناوەدا زەیدی پلانی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی جەرف سەخر، هاوكات سەردانەكەی ئەمڕۆی ئیسماعیل قائانی بۆ رێگرتن بووە لە بەریەككەوتنی میلیشیاكان و هێزە تەناهییەكانی عێراق.
بەپێی سەرچاوەكان قائانی لە بەغدا رەتی كردووەتەوە ئێستە میلیشیاكان چەكەكانیان رادەست بكەن، هاوكات داوای لە سەركردەكانیان كردووە نەچنە ناو شەڕ لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لە بری ئەوە دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی خۆیان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پەرلەمان و حكوومەت بەكار بێنن بۆ گەیشتن بە رێگەیەك بابەتی رادەستكردنی چەكەكانیان دوا بخات.
ئەنەس جۆدە توێژەری سیاسی دەڵێت، تاران نایەوێت ئەو جبەخانە چەكە لەدەست بدات كە ساڵانێكە میلیشیاكانی لە عێراق دروستیان كردووە، هاوكات نایەوێت ئەو چەكانە ببنە هۆكاری شەڕێكی ناوخۆیی كە ئەگەری هەیە بە لاوازبوونی میلیشیاكان كۆتایی بێت، تاران نایەوێ چەكی میلیشیاكان لەدەست بدات، چونكە هێزی ئەون بۆ كاریگەری لە هاوسەنگیی ناوخۆیی لە عێراق بەرانبەر بە ئەمەریكا و ئیسرائیل.
روونی كردەوە، هاوكێشەكەی قائانی بەو شێوەیەیە، بەپەلە چەك رادەست مەكەن و كات بەفیڕۆ بدەن، شەڕەكە لە شەقامەوە ببەنە ناو گۆڕەپانی سیاسی، لە بری رەتكردنەوەی بڕیاری دەوڵەت، بە دوای چارەسەرێك بگەڕێن، بێ گەیشتن بە لێكهەڵوەشانەوەی تەواوەتیی میلیشیاكان و جبەخانەی چەكەكانیان، قائانی هەڵوێستی ئێران بۆ حكوومەت و هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكان لە عێراق گواستەوە، بەوەی چەك دامەنێن و رووبەڕووی دەوڵەت مەبنەوە و بۆ بەفیڕۆدانی كات، پەنا بۆ چارەسەری سیاسییانە ببەن.
ئەمشەو سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند كە لە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام داوە، بەپێی سەرچاوەكە، كۆبوونەوەكەی زەیدی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە لە دوای كۆبوونەوەی قائانی و سەركردەكانی شیعە دێت، لە كۆشكی حكوومەت لە بەغدا ساز كراوە، بێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەوبارەوە ئاشكرا بكات.
ئەمڕۆ دوای گەیشتنی بۆ بەغدا لە سەردانێكی رانەگەیەندارودا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەگەڵ هەریەك لە سەركردە سیاسییەكان شیعە و سەركردەی میلیشیاكان كۆبووەتەوە، قائانی هێڵی سووری بۆ دانانی چەك لە لایەن میلیشیاكان بۆ بەغدا دیاری كردووە، هاوكات دووپاتی كردووەتەوە كە نابێت میلیشیاكان بە چەك رووبەڕووی هێزە تەناهییەكانی عێراق ببنەوە، ئەمە و هەر ئەمڕۆ قائانی بەرەو تاران گەڕاوەتەوە، بەر لەوەش داوای لە سەركردەكانی شیعە كردووە رێگەیەك بدۆزنەوە میلیشیاكان چەكەكانیان رادەست نەكەن، هاوكات شەڕ لە نێوان ئەوان و دەوڵەت دروست نەبێت.
لەوكاتەی بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق پاشەكشە بكەن، هاوكات هەر ئەو وادەیە بۆ میلیشیاكان دیاری كراوە بۆ دانانی چەكەكانیان، كە شارەزایان پێشبینیی گوشارێكی گەورەی دەرەكی دەكەن بۆ ناچاركردنی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بۆ رێككەوتنێك بۆ رادەستكردنی چەكی میلیشیاكان بۆ حەشدی شەعبی كرد.
لە ماوەی ئەم هەفتەیە سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی كرد كە رێككەوتنێكی سیاسی هەیە بەوەی میلیشیاكان چەكەكانیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بكەن، دەستەكە سەرپەرشتیی داماڵینی چەكەكان و ئەمباركردنیان بكات، ئەوەش بەو هۆیەیەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی فەرمیی سەر بە دەوڵەتە و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، ئەوەش بە لە كۆتاهاتنی وادەی دیاریكراو بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان.
روونی كردەوە، 30ی ئەیلوولی داهاتوو دەبێتە دوا وادە بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكانی پێشتر دانانی چەكیان بەپێی لێكگەیشتنی زەیدی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەت دەكردەوە، بەپێی رێككەوتنەكە، حەشدی شەعبی سەرپەرشتیی داماڵینی چەك دەكات و شوێنی هەڵگرتنی چەكەكان بە فەرمی دەستنیشان دەكرێت و هەر جموجۆڵێكی ئەندامانی میلیشیاكان و چەكەكانیان بە راستەوخۆ بە فەرمانی زەیدی دەبێت.
















Leave a Reply