پەیامی ئێران لە سەردانی بەرپرسانی بۆ عێراق چییە؟

بینەر: (962)

لە ماوەی رابردوو چوار بەرپرسی ئێرانی سەردانی عێراقیان كرد، وەزیری دەرەوە و پارێزگاری بانكی ناوەندی و فەرماندەی فەیلەقی قودس و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، شارەزایان پێیان وایە مەبەستی سەردانەكان لە یەكتر نزیك بووە و پەیامێكیشە بۆ ئەمەریكا بەوەی عێراق هێشتا قووڵایی ستراتیجییە بۆ تاران، هاوكات هەژموونی بەسەر عێراق و هێزە سیاسی و میلیشیاكان و لەو رێگەیەوە بەسەر بڕیاری فەرمیی ئەو وڵاتە و ئاراستەكردنی رووداوەكانی تیادا هەیە.

شارەزایان پێیان وایە دابەشكردنی رۆڵ، بەتایبەتی لە نێوان قائانی و قالیباف لە میانی سەردانەكانیان بۆ عێراق هەبووە، یەكەمیان لە رووی تەناهییەوە بە ئاراتەی میلیشیاكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی جموجۆڵی كرد و دووەمیش لەسەر ئاستی سیاسی و دامەزراوەیی، د. ئیحسان شمەری توێژەری سیاسی دەڵێت، سەردانەكەی قالیباف تەواوكەری سەردانەكەی قائانی بوو، ئامانج لێیان رێكخستنەوەی هەڵوێستەكانە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە داماڵینی چەك.

روونی كردەوە، هەروەها ئاراستەكردنی پەیامێكە بەوەی هێشتا ئێران عێراق بە قووڵایی ستراتیجیی خۆی دادەنێت، جیا لەوەش تاران نایەوێت رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە لە نێوان میلیشیاكانی و حكوومەتی عێراق رووبدات كە ببێتە هۆی راكێشانی ئەمەریكا بۆ عێراق.

سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە مەبەستی ئێران زیاتر كاتكوشتنە نەك چارەسەری كۆتایی ئەو بابەتە، دەزانێت گۆڕینی هەڵمەتەكە لە داماڵین بۆ ئیدارەدانی چەك، هەڵمەتەكە دوا دەخات و ئەگەر حكوومەت و میلیشیاكان بە پێشنیازەكە رازیش بن، گەرەنتییەك نییە بەوەی میلیشیاكان لە داهاتوو پابەند دەبن پێوەی.

محەمەد یووسف توێژەری ستراتیجی دەڵێت، سەردانە خێرا و دوای یەكەكانی قائانی و قالیباف بۆ بەغدا بەرجەستەی درككردنی ئێران دەكات بەوەی تەنگژەی داماڵینی چەك لە توانای ئیدارەدانی لە لایەن میلیشیاكان بە تەنیا دەرچووە و پێویستی بە چەترێكی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی تاران ئەو ئامرازانەی خۆی لە عێراق لەدەست نەدات و نەچنە ناو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی، بۆیە خستنەڕووی ئیدارەدانی چەك لە بری داماڵینی زیاتر كردەنییە و هەوڵێكیشە بۆ دووبارە ناساندنەوەی كێشەكە، زیاتر لەوەی دانانی چارەسەرێك بۆی، چونكە مەبەستی راستەقینەی هەڵمەتەكە ئەوە نییە ئەو لایەنە كێیە لەسەر كاغەز فەرمانی بەكارهێنانی چەكەكان دەكات، بەڵكو دەبێت تەنیا دەوڵەت خاوەن چەك بێت و بڕیاری بەكارهێنانی لا بێت.

ئەو توێژەرە دووپاتی لەوەش كردەوە كە بەیەكەوە گرێدانی بابەتی پاشەكشەكردنی ئەمەریكا بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان، كاتێكی باش بۆ ئێران و میلیشیاكان فەراهەم دەكات بۆ خۆرێكخستنەوە، بۆیە سەردانەكەی قالیباف راستەوخۆ لە دوای سەردانی قائانی بۆ بەغدا بەشێكە لە ستراتیجیەتی دانوستان بە مەبەستی دواخستنی بڕیاردانی عێراق لە نێوان دەوڵەت و چەكی بەرەڵا و نایاسایی، نەك یەكلاكردنەوەی بابەتەكە.

لە 11ی ئەم مانگە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە بەغدا لەگەڵ هەریەك لە سەركردە سیاسییەكان شیعە و سەركردەی میلیشیاكان كۆبووەوە، هێڵی سووری بۆ دانانی چەك لە لایەن میلیشیاكان بۆ بەغدا دیاری كرد، دووپاتی كردەوە كە نابێت میلیشیاكان بە چەك رووبەڕووی هێزە تەناهییەكانی عێراق ببنەوە، قائانی لە سەردانە یەك رۆژییەكەی داوای لە سەركردەكانی شیعە كرد رێگەیەك بدۆزنەوە میلیشیاكان چەكەكانیان رادەست نەكەن، هاوكات شەڕ لە نێوان ئەوان و دەوڵەت دروست نەبێت.

دوێنێ محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە سەردانێكی سێ رۆژی گەیشتە بەغدا و چاوی بە زۆرینەی بەرپرسانی باڵای عێراق كەوتووە، سەرچاوەیەك بە رۆژنامەی “شەرق ئەوسەت”ی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ قالیباف لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی و سیاسی لە بەغدا كۆبووەتەوە، پێشنیازی گلدانەوەی چەكی قورسی میلیشیاكانی كردووە، ئامادەیی دەربڕیووە، كە بەشێكی ئەو چەكانە بە شێوەیەكی كاتی ببردرێنە ئێران، تا میلیشیاكان و حكوومەت لەبارەی ئەو چەكانە دەگەنە رێككەوتن.

سەرچاوەی تر باسی چەند پێشنیازێكی ئێران سەبارەت بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان بۆ هێزە سیاسی و حكوومەتی عێراق دەكەن، لەوانە دواخستنی هەنگاوەكانی بۆ دوای 30ی ئەیلوول، واتە ئەو وادەیە دوا وادە نەبێت و سەرەتا بێت بۆ دەست پێكردنی هەڵمەتەكە و بە لایەنی كەم شەش مانگی بۆ تەرخان بكرێت، هاوكات ناوەڕۆكی هەڵمەتەكە لە داماڵینی چەكی میلیشیاكان بۆ ئیدارەدانی ئەو چەكانە بێتە گۆڕان، واتە چەكەكانیان بمێنن، بەڵام بەكارهێنان و جموجۆڵیان بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە عەلی زەیدییە.

هەر لە پێشنیازەكەی میدیاكان باسی دەكەن كە لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی قالیباف و زەیدی و سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشكەش كراوە، هەردوو وادەی كۆتایی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە یەكتر جیا بكرێنەوە، واتە ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بەو شێوەیە بێت كە لە رێككەوتنی بەغدا و واشنتن هاتووە، ئەوەشی میلیشیاكان دوا بخرێت و لە دوای ئەو وادەیە دەست پێ بكات، نەك كۆتایی بێت و رەنگە شەش مانگی پێ بچێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *