لە كۆنگرەی هەنگەوانانی عەرەبدا هەنگوینی هەرێمی كوردستان چوار خەڵاتی بەدەست هێنا

بینەر: (376)

هەنگەوانانی كوردستان لە ناو ٢٠٠ بەشداری وڵاتانی عەرەبیدا، توانییان دوو پلەی یەكەمی زێڕین و دوو پلەی دووەمی زیوینی بەدەست بهێنن.

هەنگوینی هەرێمی كوردستان لە ڕكابەرییەكی بەرفراوانی وڵاتانی عەرەبیدا، توانی چوار خەڵاتی زێڕین و زیوینی لە كۆنگرەی یەكێتیی هەنگەوانانی عەرەب لە عەمان پایتەختی ئوردن، بەدەست بهێنێت.

عوسمان مەجید كە هەنگەوانێكی بە ئەزموونی شاری سلێمانییە، بە “وشە”ی ڕای گەیاند، بەشداریی ئەمساڵ زۆر جیاواز بووە و مەرجەكانی پێشبڕكێكەش قورس بوون، چونكە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان، پێشتر پشكنینی تاقیگەیی ورد بۆ سەرجەم بەرهەمەكان لە سعوودیە و لەو تاقیگەیە ئەنجام دراوە كە لەلایەن یەكێتییەكەوە دیاری كرابوو.

باسی لەوە كرد، هەنگەوانانی كوردستان نموونەی هەنگوینەكانیان بە شێوەی شلە، شانە و بەستوو، هەروەها ئەو بەرهەمانەیان كە بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشكی بەكار دەهێنرێن، ڕەوانەی تاقیگە كرد. لە ناو زیاتر لە ٢٠٠ بەشداری وڵاتانی عەرەبیدا، هەموو نموونەكانی هەرێمی كوردستان پەسند كران و لە ئەنجامدا، توانییان دوو پلەی یەكەمی زێڕین و دوو پلەی دووەمی زیوینی بەدەست بهێنن.

ئەو هەنگەوانەی كوردستان داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ كرد، لە كۆنگرە و پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی داهاتوودا، لە ڕووی دارایی و ئاسانكارییەوە هاوكاریی هەنگەوانانی كوردستان بكەن، چونكە بە گوتەی ئەو: ئەگەر هاوكاری هەبێت، لەبری چوار نموونە دەتوانین بە ٥٠ نموونە بەشداری بكەین و خەڵاتی زیاتر بەدەست بهێنین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *