ئەمڕۆ هەینی شەشی تشرینی دووەمی 2026، لە سەرەتای مامەڵەکانی بازاڕەکانی ئاسیادا، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی کەمی تۆمار کرد و بەرەو قازانجی هەفتانە هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی دەرچوونی ڕاپۆرتی هەلی کاری ئەمەریکا دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ لەسەر ئاراستەی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ دیاریکردنی ڕێژەی سوود.
لە مامەڵە خێراکاندا، نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.4% بەرز بووەوە و گەیشتە 4103.55 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک “969 هەزار و 327 دیناری عێراقی بۆ هەر مسقالێك زێڕی عەیار 21″، بەمەش بەرەو بەدەستهێنانی قازانجێکی هەفتانەی 5.9% هەنگاو دەنێت. لەلایەکی تریشەوە، گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمەریکا بۆ زێڕ کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمدا ڕادەست بکرێت، لە 4112.80 دۆلار جێگیر بوو.
بڕیارە ئەمڕۆ ڕاپۆرتی هەلی کاری کەرتی تایبەت (جگە لە کەرتی کشتوکاڵی) لە ئەمەریکا بڵاو بکرێتەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەی ئەو ئەمەریکییانەی کە داواکاریی نوێیان بۆ وەرگرتنی هاوکاریی بێکاری پێشکەش کردووە، هەفتەی ڕابردوو بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 57 ساڵدا دابەزی، ئەمەش نیشانەی بەهێزیی بازاڕی کارە سەرەڕای ئەو نادڵنیاییەی کە بەهۆی درێژەکێشانی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دروست بووە و کاریگەریی لەسەر دامەزراندن هەیە.
بەپێی ئامرازی فید وۆچ، لە ئێستەدا مامەڵەکاران پێشبینی دەکەن بەڕێژەی 71% بانکی ناوەندیی ئەمەریکا لە مانگی کانوونی یەکەمدا ڕێژەی سوود بەرز بکاتەوە، کە بەزۆری بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرنجڕاکێشیی زێڕ بۆ وەبەرهێنەران.
















Leave a Reply