شەهرام خالید عەبدولڕەحمان
سەرۆکێکی نوێ بە جلی کەشخەوە و بە یاوەری پاسەوانە چەکدارەکانی دێتە ناو بینای شارەوانییەوە، بەبێ ئەوەی یەک هاوڵاتی شارەکەش بیناسیبێت یان دەنگی پێدابێت. لە دەرەوەی بیناکە، خەڵک لە ناو زبڵ و خاشاک و شەقامە شکاوەکاندا دەژین، چاوەڕێی ئەوەن ڕۆژێک کەسێک بێت کە خەمی ئەوانی بێت، بەڵام ئەوەی لەسەر کورسییەکە دانیشتووە، تەنها وەڵامدەرەوەی ئەو تەلەفۆنەیە کە لە لوتکەی حیزبەوە بۆی دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە هەڵبژاردن و ئیرادەی میللەتی سڕیوەتەوە و، نیشتمانی کردووەتە تەختەی یاری شەترەنج کە تێیدا پارتی و یەکێتی هەر کاتێک بیانەوێت پارچەکان دەگۆڕن و باجەکەش تەنها خەڵکی ئاسایی دەیدات.
کاتێک بەرپرسە خۆجێییەکان بەبێ هەڵبژاردن و تەنها بە فەرمانی حیزب دادەنرێن یان لادەبرێن، ئەمە بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو دابەشکردنی غەنیمەتە لەناو سیستەمی پشک پشکێنەدا. ئەو قایمقام و پارێزگارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەوە دادەبەزنە سەر شارەکان، ئەرکیان خزمەتکردنی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو ئەرکیان پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان و زامنکردنی بەردەوامیی ئابووری سێبەر و سامانی ونبووە لە ناوچەکانیاندا. ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی کە پشتی بە دامەزراندنی واستە و ملکەچی بەستووە، وایکردووە شارەکان ببنە قوربانیی قەیرانی دروستکراو و باجی ناڕەوا، لەکاتێکدا هاوڵاتی تەنانەت مافی ئەوەشی نییە بڵێت “ئەمە نوێنەری من نییە”.
پێموایە کە “کێ دەڵێت ڕێکخراو، دەڵێت ئۆلیگارشی” ئەمەش هەمان ئەو کارەساتەیە کە لە ڕژێمە تاکڕەوەکاندا دەبینرێت، کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی متمانەی بە خەڵک نامێنێت و لەبری هەڵبژاردن، نوێنەرەکانی خۆی دەنێرێت بۆ سەرکوتکردنی شارەکان و سزادانی بەکۆمەڵی هەر ناوچەیەک کە ملی بۆ کەچ نەکردبێت. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لەوەش خراپترن؛ ئەوان بانگەشەی دیموکراسی دەکەن، بەڵام لە واقیعدا بە پشتیوانی هێزی تاریکی و چەکی حیزبی، ئیرادەی ناوچەکان زەوت دەکەن و ڕێگە دەگرن لەوەی میللەت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
ئەم میللەتە تەنانەت مافی هەڵبژاردنی سەرۆکشارەوانییەکیشت لێ زەوت کراوە! دەبێت تێبگەین کە کاتێک دەسەڵات مافی دەنگدان لە خەڵک دەسەنێتەوە، لە ڕاستیدا دان بەوەدا دەنێت کە دەزانێت خەڵک ڕقیان لێیەتی. دەوڵەتێک کە بە فەرمانی حیزبی بەڕێوە بچێت، ناتوانێت خزمەتگوزاری دابین بکات، چونکە بەرپرسەکانی لە خەڵک ناترستن، بەڵکو تەنها لە توڕەیی سەرکردەکانیان دەترسن. گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ ئەم شارە وێرانانە، تەنها بە ڕەتکردنەوەی ئەو وەهمە دەبێت کە گوایە ئەوانەی بە بڕیاری حیزب هاتوون، دەتوانن نوێنەرایەتی ئازارەکانی ئێمە بکەن.












Leave a Reply