ئیكۆ عێراق: لە نیوەی یەكەمی 2026دا عێراق زیاتر لە 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە دەست داوە

بینەر: (1.3K)

“ئیكۆ عێراق”ی تایبەتمەند بە كاروباری ئابووری، ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، كۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2026دا گەیشتووەتە نزیكەی 440.3 ملیۆن بەرمیل، لە كاتێكدا بەهۆی كاریگەرییەكانی جەنگی ناوچەكەوە، بڕی 302.8 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنان فەوتاوە؟

بەپێی راپۆرتەكەی “ئیكۆ عێراق”، بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگەكانی كانوونی دووەم و شوبات لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بووە و تێكڕای رۆژانە 4.1 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، بەڵام لە مانگی ئادارەوە دابەزینێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

دەڵێت، تێكڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە كانوونی دووەم 4.097 ملیۆن بەرمیل و لە شوباتدا 4.140 ملیۆن بەرمیل بووە، پاشان بۆ 1.906 ملیۆن بەرمیل لە ئادار، 1.633 ملیۆن بەرمیل لە نیسان دابەزیوە، لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی كە 1.406 ملیۆن بەرمیل بووە، بەر لەوەی لە حوزەیراندا بەشێوەیەكی كەم روو لە بەرزبوونەوە بكات و بگاتە 1.525 ملیۆن بەرمیل.

“ئیكۆ عێراق” دووپاتی كردووەتەوە كە پێویستە چارەسەری ریشەیی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و رێڕەوەكانی هەناردەكردن بدۆزرێتەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی گەشەپێدانی رێگەی جێگرەوە وەك پڕۆژەی “رێگەی شام”، بۆ ئەوەی سەقامگیریی بەرهەمهێنان مسۆگەر بكرێت و كەمترین زیان بە ئابووری عێراق بگات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *