سانکڵ حسین واحید
لەقۆناغێکی ژیانی کۆمەڵگادا دەرەبەگەکان سەردەستە بون و خۆیان و دار و دەستەکەیان هەم ستەمکار بون هەم حاکمی ناوچەکەیان بون، بەڵام بە تێپەڕ بونی کات بارودۆخەکان گۆڕان و دەرەبەگایەتی کۆتایی پێ هات، بەڵام ئەوەی سەر سوڕ هێنەرە ئەوەیە کە لە کوردستان و عێراق دەیبینین، حیزب لەسەر بنەمای ماڵبات و خێزان ڕەوڕەوەی سیاسی خۆیان ڕێک خستوە و حوکمی میلەت دەکەن، حیزب لەسەر بنەمای ئاین و ئایدۆلۆژیا تەشکیل دەدرێت و دواجار حوکم دەکات.
لە عێراق بنەماڵەی عەمار حەکیم کە باوکیشی ڕێبەرایەتی دەکر وە صدر کە باوکی حوکمی حیزبی دەکرد ئێستا خۆی کولفیکولە، لە کوردستان ئەوە ئاشکرایە بۆ هەموان پارتی یەک بنەماڵە بەناوی بارزانیەوە و یەکێتی یەک بنەماڵە بەناوی تاڵەبانیەوە خەریکی یاری سیاسین.
ئەم مۆدێلە لە حوکم هەمان عەقڵیەتی دەرەبەگایەتیە بەڵام بەڤێرژنێکی بەرز و سنورێکی فراوانتر وەگەرنا هەمان کلتوری سیاسی و عەقڵی بەڕێوەبردنە.
ترسەکە لێرەوەیە کاتێک دەبینی بەرپرسی یەکەم یان بەگی یەکەم پیر بوە ئاهێکت بەبەردا دێ پێت وایە کۆتاییان پێ دێت و بەمردنی بەگی یەکەم ئیتر سیستمی حوکمی بنەماڵەیی هەرەس دێنێ ، کەچی پێشوەختە باری خۆیان خستوە و کوڕەکانیان بۆ حازر کردوە.
جا ئەمانە وەک بێچوە سۆنە وان هەر لەهێلکە تروکان و هاتنە دەرەوە بیانخە ناو بەحری بێ پەی کێشەیان نیە، جائەمانیش هەر لەدایک دەبن فڕێ دەدرێنە نێودەریای سیایاسەت ، بەڵام سیاسەتێک بە میزاج و فکر و عەقڵیەتی بنەماڵەکە نەخشەی بۆ دانراوە نەک لەسەر سیستمێکی دیموکراسی و لیبرالی و فکری هاوچەرخ و کلتورێکی نوێی سیاسەت کردن.
بۆیە هەر خێرا نائومێدی باڵ بەسەر میلەتی بن دەستەدا دەکێشێت و ناچار بە تەسلیم بون دەکرێن، خۆ ئەگەر تەسلیم نەبون ئەوا زیندان و سزا و تەنانەت کوشتن دەبێتەتاکە بژاردەیان کە بەرانبەر دەنگی ئازادیخوازان و چالاکوانان و قەڵەم بەدەستان ئەنجام دەدرێت.
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیە نیشانی کۆیلەکانی حیزب بدەین ، لێرەین بۆ ئەوەی نیشانی جیهانی بدەین، لێرەین بۆ ئەوەی بە ئەو دەسەڵاتە دەرەبەگە مۆدێرنە بڵێین ناسرەوین و بەردەوامین لە تێکۆشان و وەستانەوە بە ئەرک دەبینین دژی دیکتاتۆریەت و زوڵم و ستەمی ئێوەی چەک بەدەست و بێ ڕەحم بەرانبەر میلەتەکەمان.
ئەگەر ئێمە لەم چالاکی و تێکۆشانانە بوەستین واتە شەرعیەتمان داوە بە بونی ئەم دەرەبەگە گەورە و بچوکانەی کە ئێستا خاک و سامان و قوتی گەلێک بە دەستکەوتی خۆیان دەزانن و بۆ خۆیان و منداڵ و کەس و کار و کاسەلێسەکانیان سەرف دەکەن.
بۆیە گرنگە ئەوە بڵێم بێگومان بچوکترین جوڵەو دەنگ و تێکۆشانی کوردانی تاراوگە وەک مەشخەڵێکە بۆ سەرجەم ئازاودیخوازانی کوردستان و عێراق وای ، ئەوان کە ئێستا دەست و دەمیان بەستراوە و تەنها مەراق دەخۆن لەتاو ئازاری ویژدانیان و هیچیان پێ ناکرێ بەرانبەر ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتی دەرە بەگایەتی مۆدێرن.
پێتان دەڵێین ئێمە لێرەین و بەردەامین و ئەو مەشخەڵە بۆ هەمیشە ڕۆشنایی پێشکەش دەکات و خامۆش نابێت.















Leave a Reply