بەپێی پێنج توێژینەوەی زانستی كە پێشتر كراون، چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی بۆ كەسانی بەساڵاچوو، كاریگەریی زۆری لەسەر بەهێزبوونی مێشك و یادەوەری دەبێت، بۆیە گۆڤارێكی زانستی و تەندروستی بە وردی ئەو كاریگەرییەی روون كردووەتەوە.
پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ چوارشەم 21ی تشرینی یەكەم، هەواڵەكەی لە گۆڤاری “زانستی پەتاكان و تەندروستیی كۆمەڵایەتی” وەرگرتووە، تێیدا رۆشنایی خستووەتە سەر ئەنجامی پێنج توێژینەوەی زانستی لەبارەی چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كە پێشتر ئەنجام دراون، 57 هەزار و 793ی بەشداریان كردووەتە نموونە كە سەرجەمیان كەسانی بەساڵاچوون لە هەردوو رەگەز و لە 24 وڵاتدا. لە ئەنجامدا دەركەوتووە كە چالاكیی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەناو خۆیاندا، كاریگەریی زۆری لەسەر بەهێزبوونی یادەوەری و مێشكیان هەیە. لەوەیش سەرنجیان خستووەتە سەر ژمارەكان و هەروەها ناوی گیانداران.
بەپێی ئەنجامی ئەو پێنج توێژینەوەیە، بەوە گەیشتوون كە بەساڵاچووان كاتێك چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان گەشە دەكات و بەردەوامییان هەبێت، بەراورد بەوانەی لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لاوازن یان دوورەپەرێزن، ئاستی بەهێزیی مێشكیان زۆر بەرزترە و لەگەڵیدا سەرنج و یادەوەرییان بەهەمانشێوە بەهێزترە.
لە بەرانبەردا بەپێی توێژینەوەكان، ئەوە دەرناكەوێت كە پێوەندیی سیاسی یان كۆبوونەوە لە كەنیسە و لایەنە ئاینییەكان، كاریگەریی لەسەر بەهێزیی مێشك هەبێت. ئەوەی كاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی مێشك و سەرنج و یادەوەریی هەیە، زیاتر گەشەی چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە.
ئەو پێنج توێژینەوەیەی كە پێشتر كراون و بە هەمان ئامانج گەیشتوون، لە وڵاتانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئینگلتەرا، چین، مەكسیك و ئەوروپان، بۆیە توێژەرانی سەرجەمیان دووپات دەكەنەوە كە كەسانی بەساڵاچوو، زۆر گرنگە بایەخی زۆر بە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بدەن، لەلایەك بۆ تەندروستیی مێشكیان سوودبەخش دەبێت و لەلایەكی تریشەوە كاریگەریی لەسەر درێژیی تەمەنیان دەبێت.












Leave a Reply